نزیکەی سێ ملیۆن حەبی بێهۆشکەر دەستی بەسەر داگیرا

لە کۆگایەکی شاری حەلەب دەست بەسەر بڕێکی زۆر حەبی کەپتاگۆندا گیرا، کە یەکێکە لەو حەبە هۆشبەرانەی لەسەردەمی بەشار ئەسەددا لە وڵاتەکەدا بە بەرفراوانی بەکاردەهات و بەرهەمدەهێندرا.
لە سەردەمی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، سووریا ببوو بە ناوەندی بەرهەمهێنانی حەبی کەپتاگۆن و لەوێوە ڕەوانەی وڵاتانی دیکەی عەرەبی دەکرا، لەم بوارەشدا حکومەت بە کارئاسانیکردن بۆ بەرهەمهێنانی ئەو ماددە هۆشبەرە تۆمەتبار دەکرا.
وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە ڕاگەیەندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بلاویکردووەتەوە، فەرمانگەی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی حەلەب ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتوویان ئەنجامداوە و دەستیان بەسەر یەکێک لە فرۆشیارانی حەبی کەپتاگۆندا گرتووە.
لە ئۆپەراسیۆنەکەدا نزیکەی سێ ملیۆن حەبی هۆشبەر لە کۆگایەکدا دەستی بەسەردا گیراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بەرامبەر بە تۆمەتباران کراوەتەوە و ڕووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە.