
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردووەتەوە، بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 22-03-2025، حزبوڵلای لوبنانی پێنج مووشەکی لە باشووری لوبنانەوە بەرەو ئیسرائیل هاوێشت.
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، سێ لەو مووشەکانەی لەلایەن حزبوڵلاوە هاوێژرابوون، تێکشکێنراون و دووانیان لەنێو خاکی لوبنان کەوتوونەتەوە خوارەوە.
بەیانیی ئەمڕۆ شەممەش، 22-03-2025، ئیسرائیل ژمارەیەک پێگەی حزبوڵلای لە باشووری لوبنان بۆمباران کرد.
هاوکات ئیزرایل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل جەختی لە پاراستنی هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کردەوە و ڕایگەیاند “حکوومەتی لوبنان بەرپرسە لە هەر مووشەکێک کە لە خاکەکەیەوە ئاراستەی ئیسرائیل دەکرێت.”
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل پەیامێکی هۆشداریی ئاراستەی بەرپرسانی حکوومەتی لوبنان کرد و گوتی: “بۆمبارانکردنی شاری مەتڵەی ئیسرائیل، بۆمبارانکردنی بەیروتی لێ دەکەوێتەوە.”
ئەمە جاری یەکەمە لە دوای سێ مانگ لە ڕاگەیاندنی ئاگربەستی نێوان هەردوولا، حزبوڵلای لوبنانی مووشەک دەگرێتە ئیسرائیل بکات. ئەمەش دوای ئەوەی چەند جارێک، حزبوڵلا ئیسرائیلی بە پێشێلکردنی ئاگربەستەکە تۆمەتبار کردبوو.
لە 27ـی تشرینی دووەمی 2024ـەوە ئاگربەستی نێوان حزبوڵلا و ئیسرائیل بۆ ماوەی 60 ڕۆژ چووە بواری جێبەجێ کردنەوە، بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە، دەبێت حزبوڵلا چەک دانێت و سوپای لوبنان تەواوی وڵات کۆنترۆڵ بکات. ئیسرائیلیش هەنگاو بە هەنگاو هێزەکانی لە باشووری لوبنان بکشێنێتەوە.