دەست بە سەر 800 کیلۆ گۆشتی ئەسپدا گیرا

لە شارۆچکەی دێوڵانی پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەست بە سەر 800 کیلۆ گۆشتی ئەسپدا گیرا، هەروەها دوو کەسیش بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ ساخکردنەوەی ئەو گۆشتە دەستگیر کران.
وەلی پوور، ئەفسەری پۆلیسی شارۆچکەکە بە ئاژانسی فەرمی ئیرنای ڕاگەیاندووە، ئەمڕۆ یەکشەممە 13ـی نیسانی 2025، مەفرەزەیەکی پۆلیسی بنکەی قروچای شارۆچکەکە هەڵیان کوتاوەتە سەر شوێنێکی نایاسایی سەربڕینی ئاژەڵان لە دێوڵان.
هەروەها ڕایگەیاندووە، پۆلیسەکان بە بە هەماهەنگی لایەنی یاسایی دوای پشکنینی شوێنەکە، توانیویانە شەش لاشەی ئەسپی سەربڕاو بدۆزنەوە، کە 800 کیلۆ گۆشت دەبێت، دەشڵێت: دوو کەسیشیان بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ ساخکردنەوەی گۆشتەکە دەستگیر کردووە.
هەر لەم بارەوە، فەرماندەی پۆلیسی شارۆچکەی دێوڵان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، دوای لێکۆڵێنەوەکان، هەردوو تۆمەتبارەکە و دۆسیە لێکۆڵینەوەکانیان ڕەوانەی دادگا کراوە.
پۆلیس هەرچەندە هیچ ڕوونکردنەوەیەکی زیاتر نەداوە لە بارەی چۆنییەتی ساخکردنەوەی گۆشتی ئەسپەکان و ئایا هیچ بڕە گۆشتێکیان ڕەوانەی بازاڕ کردووە یان نە، بەڵام داوا لە هاووڵاتییان دەکات لە ئەگەری هەبوونی هەر حاڵەتێکی گوماناوی، پەیوەندیی بە هێلی گەرمی فریاگوزاریی پۆلیسەوە بکەن.



