بۆ چ مەبەستێک مەزڵووم عەبدی شەوی رابردوو لە هەولێر بوو؟

مەزڵووم عەبدی و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، لە هەولێر تاوتوێی کۆمەڵێک پرسی تایبەت بە سووریا و ڕۆژئاوای کوردستانیان کرد.
شەوی ڕابردوو، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لەگەڵ لە ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە هەولێر کۆبوونەوە.
بەپێی هەواڵی میدیاکانی نزیک لە هەسەدە، لە دیدارەکەدا باس لە ڕێگاکانی چارەسەری سیاسی و ئاسایشی ناوچەکە کراوە، هەروەها پەرەپێدانی دیالۆگ لە نێوان لایەنەکانی سووریا و ڕۆڵی فەرەنسا لە چارەسەری سیاسیی لە سووریا تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەی نێوانیان بوو.
پێشتر فەرەنسا پاڵپشتی خۆی بۆ ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی دیمەشق دەربڕیوە، گفتوگۆکانی نێوان قامیشلۆ و دیمەشق بە هەنگاوێک بۆ چارەسەری سیاسی و ئاڵۆزییەکانی سووریا دەزانێت، هەروەها فەرەنسا پێی وایە یەکڕیزی لە وڵاتەکە، مافی هەموو پێکهاتەکان مسۆگەر دەکات.