یەکەم کاروانی حاجیانی عێراق بەڕێدەکەون

رۆژی پێنجشەممە، یەکەم کاروانی سەردانیکارانی ماڵی خودا، بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج لە عێراقەوە بەرەو سعودیە بەڕێدەکەوێت.
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، رۆژی پێنجشەممە، 8ی ئایاری 2025 رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکەم کاروان بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداوە، بەڕێدەکەوێت و پڕۆسەکە تاوەکو 28ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، ئاماژەی بەوە کرد، رەزاق سەعداوی، وەزیری گواستنەوەی عێراق کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی دەکات بۆ راگەیاندنی دەستپێکردنی پرۆسەی بەڕێککەوتنی ئاسمانی.
گەشتی سەردانیکارانی رێگەی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر، سلێمانی، کەرکووک، بەغدا، بەسرە و نەجەف دەبن.
بە گوتەی مەیسەم سافی، گەشتەکان بە فڕۆکەی هێڵی ئاسمانیی عێراقی جۆری بۆینگ 727 و دریم لاینەر و ئێرباس 787 دەبن، کە فڕۆکەی گەورە و فراوانن، خاوەن باشترین تایبەتمەندی جیهانین.
لە هەرێمی کوردستانیش بە گوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە، رۆژی 16ـی مانگ یەکەم کاروانی رێگەی وشکانی حاجییان بەڕێدەکەون و رۆژی 19ـی هەمان مانگیش گەشتی ئاسمانیی حاجیان بۆ سعودیە دەستپیدەکات و تاوەکو 28ی مانگ بەردەوام دەبێت.
ئەم ساڵ نزیکەی 34 هەزار کەس لە پارێزگاکانی عێراق حەج دەکەن و لە هەرێمی کوردستانیش پێنج هەزار و 120 کەس دەچنە حەج.