وتار

میرنشینی مەسرور

لە مێژوودا، میرمان هەبوو تەنیا بە یەک کار بەناو بانگ بووە و چووەتە مێژووەوە! مەسەلەن میری سۆران سنوری میرنشینی فراوان کردووە و کارگەی چەکسازیی دروست کرد! تەنانەت وەستا ڕەجەبی ناردە فەرەنسا و دەورەی بینی و عاسمانەکە شەشسەد تۆپی بۆ میرنشینی سۆران دروست کرد، کە یەکێکیان ئێستا لە ڕەواندوز ماوە و بۆتە یادگاری…

میری ئەردەڵان بە قەڵا و تەلارسازییەکانی بەناوبانگ بوو! میری بابان بە دروستکردنی سلێمانی و لەوێش بە زێراب و ڕاکێشانی کارێز بەناو بانگ بوو! میر بەدرخانی بۆتان، بە هەوڵدان بۆ دروستکردنی دەوڵەتی کوردی و لێدانی سکەی تایبەت لەمێژوودا قاچی خستووەتە سەر قاچ و پۆز لێ ئەدا… هتد!

یانی جاری وایە لە میرنشینێکدا هەزاران کێشە هەبووە، بەس هەر میرێک هەڵکەوتووە کە کێشەیەک بۆ هەمیشە یان بۆ ماوەیەکی درێژ چارەسەر بکات و پێی بەناوبانگ بێت!

هەمیشە ئەوە پرسیاربوو لام، بۆچی لە دامەزراندنی حکومەتی هەرێمەوە، ئێمە تەنیا یەک جار سەرۆکوەزیرێک کورە میرێک سەرکردەیەکمان نەبووە، مەسەلەن کێشەی کارەبا چاک بکات و تەنیا بەوە بچێتە مێژووەوە؟ کێشەی ئاو چارەسەر بکات و لە مێژوودا بیگێڕینەوە کە فڵانە میر فیسارە شتی بۆ هەمیشە چاک کرد؟!

ئێمە لە ساڵی نەوەد و یەکەوە شەش حەوت سەرۆکوەزیرمان هەبووە، خۆ ئەگەر هەر یەکێکیان تەنیا یەک کێشەی بنەڕەتییان چارەسەر بکردایە، ئێ حەتمەن ئێستا وردە کێشەمان دەبوو، بەڵام کێشەی زەبەلاحمان نەدەبوو!

سەڕاحەتەن، من کەیفم بە مەسرور دێت، جا کوا شاردوویشمەتەوە؟ حەفتا و پێنج ملیۆن جار دیفاعم لێ کردووە و هەشتا و پێنج ملیۆن و خوردەیەک جنێویشم لەسەری پێ دراوە، بۆیە مەسەلەکە پیاهەڵدانی نییە، بەڵکو سەردەمەکەی ئەو، کەمترین پارەی تیا بوو! زۆرترین تەحەدا و موشەک و درۆن و ڤایرۆس و موزاهەرەی پێوە نرا!

کەچی حەقیقەتەن مەسروور توانی، وەک یەکێک لەو میرە بەڕێزانەی سەرەوە، نەک یەک و دوو، بە چەند کارێکی باشەوە بچێتە مێژووەوە! تۆ هەر دانی پیا مەنێ، چاوت دەرێ..کارم بەسەر عەلی حەمەساڵح و پەیجەکەی و شاسوار و چاڤییەکەی و غالە شێت و کلدانییەکەی و موزاهەرە و خێمەکەیشیانەوە نییە!

باوەڕیشم بە میرنشین و گەڕانەوە بۆ مێژووی وەک فەرهاد پیرباڵ دەڵێت: بەسەرچووی تێهەڵدراویشەوە نییە! تەنیا وەک ئیستیعارەیەک بە میرەکانی پێشوو، بۆ تێگەیشتن لە ئێستا، دەورانی مەسروورم ناوناوە میرنشینی مەسروور!

جا ئەگەر مێژوو نوسرایەوە، ئەگێڕنەوە: لەسەردەمی میر مەسرووردا، کارەبا کرایە ٢٤ سەعات! هێندە بەنداو دروست کرا، لە تیکتۆک و فەیسبووکەوە، ڕەشووڕووت گاڵتەیان پێ دەکرد و دەیانوت: پڕ نەبوون لە ئاو. یانی لە فەرمانڕەوایی ئەم میرەدا، پۆند و بەنداو لە ئاو زۆرتر بوون! کێشەی ئاو بۆ ٣٠ساڵ چارەسەر کرا…
ڕێژەی کوشتار بە هاتووچۆ و دانانی کامێرای تیژڕەوی، کەم کرایەوە! هەوڵیدا (گەرچی هجومی زۆری لەسەر بوو) سیستمی کوردستان بکاتە بانکی و؛ بۆ حەقولناس، شەڕی تووندی لەگەڵ ئەعرابی جنوبا بە خەستی کرد…

وەلحاڵ، ئەگەر خەستە و بەقەزوانە، ئەگەر وەسف و پیاهەڵدانە، تکا لە پاراستن ئەکەم: شەش دەفتەر و ٣٣ وەرەقەی حەقی ئەم ماستاوەم بۆ بنێرێت، وتار گران بووە کاکە، گەرنا بینێرن بۆ خۆی، بەڵکو زیاترم بۆ بنێرێت میر مەسروور 😜

بارزان عەلی حەمە

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button