وتار

بیانووە نەبڕاوەکانی عێڕاق کەی کۆتایی دێن؟

ئەو بیانووانەی سیاسیەکانی عێراق لەگەڵ قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی بودجە و مووچە و ڕێککەوتنەکانی کوردستان لەگەڵ ئەمریکا دەیکەن، بەتەواوی سیاسییە، چونکە عێراق نایەوێت هەرێمی کوردستان بەدەر لە کۆنتێکستی عێراق سەیر بکرێت، لەخوارەوە بە درێژی باسی دەکەین، بەڵام سەرەتا دەبێت باس لەوە بکەین کە بۆچی عێراق پرسی بەبارمتەگرتنی مووچە وەک ڕێگایەک بۆ دروستکردنی فشاری سیاسی و ئابووری و سایکۆلۆژی خەڵکی کوردستان بەکاردەهێنێت؟ 

ڕوون و ئاشکرایە کەوا بەرپرسانی عێراق بە  هەمان عەقڵیەتی ڕژێمی شۆڤێنی پێشوو  مامەڵە لەگەڵ ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەن.

زیاتر لە 10 ساڵە لەڕێگای بە سیاسیکردنی پرسی بودجە و مووچەوە خۆڕاگری خەڵکی کوردستان تاقیدەکەنەوە، بەڵام خەڵک و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی بەڕێز مەسرور بارزانی، خۆڕاگری خۆیان نیشانداوە و بەسەر هەموو ئەو ئاڵنگاری و بەربەستانەدا زاڵبوونە کە حوکمەتی فیدڕاڵ بۆ هەرێمی کوردستانی دروستکردووە.

لە ئێستادا کە بەرە بەری جێژنی قوربانە،  حکوومەتی بەناو فیدڕاڵ دەیەوێت مووچە وەک کارتێکی فشار، دژی نەتەوەیەکی مەزڵووم بەکاربهێنێت، ئەم ڕفتارەش دوورە لە هەموو پرەنسیپەکانی مافی هاوڵاتیبوون لە دەوڵەتێکی فیدڕاڵی و بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی و تەنانەت سەرەتاییترین پرنەسیپی مافەکانی مرۆڤیش.  

دیدگای ستراتیژی ئەمەریکا وەک ڕزگارکەر و فریادڕەسی عێراق بریتییە لە بوونی هەرێمێکی کوردستانی بەهێز لە چوارچێوەی عێراق، ئەم دیدگایەش لەلایەن سیاسیەکانی عێراقەوە هەرس ناکرێت و پێیان قبوڵ ناکرێت، بەتایبەت دوای سەردانی ئەمجارەی بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێم بۆ واشنتن و واژووکردنی چەند ڕێککەوتنامەیەکی گرنگی ئابووری و ووزە، هەروەها پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی به‌ڕێز مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا لەگەڵ به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانی، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، ئەم پێشهاتە گرنگانەن کە جەخت لە دیدگای ستراتیژی ئەمەریکا دەکەنەوە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان.

ئەو پەیوەندیی و دۆستایەتییەی ئەمەریکا بۆ هەرێمی کوردستان پاشخانێکی مێژوویی هەیە، ئەمەش دوای ڕاپەڕین و کۆڕەوی خەڵکی کوردستان و یەکەم هەڵبژادنی پەرلەمانی کوردستان و دروستبوونی دیفاکتۆی هەرێم، ئەمەش دوای بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش کە بە (No-Fly Zone) ناسراوە، بەجۆرێک دەرفەتی ڕەخساند بۆ دروستبوونی نەوایەکی ئارام بۆ دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراق تاکو لە کوردستان، خۆیان و خێزانەکانیان بە ئازادی بژین، بەڵام بەداخەوە ئێستا ئەم دەستە بژێرە سیاسیەی عێراق بە بڕینی مووچە، چاکەی خەڵکی کوردستان دەدەنەوە.

لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین، چۆن هەرێمی کوردستان توانی بەسەر تیرۆرستانی داعش زاڵ بێت و سەرکەوتوو بێت، ئێستاش دڵنیاین هەرێمی کوردستان بە پشتیوانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان دەتوانن بەسەر  ئەم فشارە سیاسی و ئابوورییە زاڵمانەی بەغدا زاڵ بێت و سەربکەوێت.

کریستین کارۆخ

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button