وتار

کێشەی دارایی یان عەقڵییەتی شۆڤینی دەسەڵاتدارانی بەغدا

دوای بنیادنانەوەی عێراقی نوێ (کە کورد ڕۆڵێکی سەرەکی تێدا هەبوو) و نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق لە ساڵی 2005، عەقڵییەتی دەسەڵاتدارانی بەغدا، بە درێژایی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق، بەشێوەیەکی بەردەوام و بە بەرنامەداڕێژراو هەوڵیان داوە قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان بچووک بکەنەوە و نەیهێڵن. ئەوەندەی توانیویانە بۆ ئەو مەبەستە ڕێگرییان لە مافە ڕەواکانی هەرێمی کوردستان کردووە.

ئەوەی گرنگە لێرەدا ئاماژەی پێ بکەین ئەوەیە کە پرسەکە تەنیا مووچە و شایستە داراییەکان نییە، بەڵکو چەندین پرس و بابەتی دیکەی گرنگتر لە مووچە هەیە کە دەبوو لە کاتی خۆیدا جێبەجێ بکرابان، بەڵام بەردەوام کۆسپ و لەمپەریان بۆ دروست کردووە. دیارترینیان “پرسی ناوچە کێشەلەسەرەکان و جێبەجێ نەکردنی ماددەی 140ی دەستوور و پرسی ماف و شایستەکان و چەکی هێزەکانی پێشمەرگە و یاسای نەوت و گاز و بودجە و چەندانی دیکەیە.”

تەنانەت یاسای گەڕانەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان و هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە کشتوکاڵییەکان کە بەم دواییە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر درا و دادگای فیدراڵیش پشتڕاستی کردەوە کە دەبێت وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، بەڵام تا ئێستاش، یەک پیتی یاساکە جێبەجێ نەکراوە!

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو بە بەڵگە و دۆکیومێنت ئەوە سەلماندراوە کە لایەنی عێراقی 55 ماددەی دەستووری عێراقی پێشێل کردووە کە تایبەتن بە مافەکانی هەرێمی کوردستان. بۆیە دەتوانین بڵێین ئەوان بڕیاریان داوە بەردەوام بن لەسەر ئەو عەقڵییەتە شۆڤینییە و ئینکارە بەرانبەر بە کورد و ئامادە نین بە هیچ شێوەیەک دان بە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان بنێن.

وێڕای ئەو هەموو پێشێلکارییە، ئێستا ڕۆژانە بە چاوی خۆمان دەبینین کە چۆن ڕێگریی لە جووتیاران و کاسبکارانی کوردی  ناوچە کێشەلەسەرەکان دەکەن لە سەر زەوی زارەکانیان کار بکەن. هەروەها لە بازگەکاندس ڕێگریی لە هێنانی کاڵاکانی کاسبکاران دەکەن. بۆیە دوای ئەو هەموو زوڵم ستەمە بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو، ئێستا کاتی ئەوەیە هەڵوێستێکی توند نیشانی دەسەڵاتدارانی بەغدا بدرێت.

ئەوەی مایەی خۆشحاڵییە کە زۆرینەی حزب و لایەنە سیاسییەکان یەک دەنگ و یەک هەڵوێستن، و بەدەم بانگهێشتنامەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان هاتن و بەشدارییان کرد لە کۆبوونەوەکەی پیرمام لە 31/5/2025. بەیاننامەیەکی هاوبەشیان لەو بارەیەوە بڵاو کردەوە. ئەوانەشی کە بەشدار نەبوون، حەقە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا دەنگدەرەکانیان سزایان بدەن، لەبەر ئەوەی وجودی ئەو حزبانە بۆ چییە کاتێک بەرگری لە ماف و قووتی خەڵکی خۆت نەکەیت؟ بەداخەوە ئەمە لە هەموو کات و زەمەنێک هەبووە کە چەند کەسانێک دژی گەلەکەی خۆیان هەڵگەڕاونەتەوە. بۆیە شەرەفی بەرگریکردن پیاوی خۆی دەوێت و بەبەر هەموو کەسێک ناکەوێت.

گرنگە هەڵوێستی ئەم جارە یەکلاییکەرەوە بێت، و نەخشەی ڕێگایەک بگیرێتەبەر و فشارەکان زیاتر بکرێت و هەموو بژاردەکان کراوە بێت بەرامبەر ئەو عەقڵییەتە شۆڤینییانەی دەسەڵاتدارانی بەغدا تا ئاستی کشانەوەی نوێنەرانی کورد لە پرۆسەی سیاسی لە عێراق، کە بەدڵنیاییەوە ئەمە کارتێکی بەهێزە و پرۆسەی سیاسی لەو ووڵاتە تووشی ئیفلیج بوون دەکات.

دیار مەلا خدر

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button