وتار

ئەو ئێرانەی دەیگوت هەموو جیهان هیمنە ئێستا پەلاقاژە دەکات

بە خاپوورکردنی پڕۆژە ناوەکییەکانی نەتەنز و ئەراک و فۆردو، دۆسێی ئێران کۆتایی نەهاتووە و شەڕیش نەوەستاوە و ناشوەستێت. ئەشێت ماوەیەک کڕ بێت، بەڵام کۆتایی نەهاتووە! هەر بەوەش لەکۆڵی نابنەوە و ئەوەی ترامپ دەڵێت کاتی ئاشتییە! ناکاتە ئەوەی ئامانجەکە کۆتایی هاتووە! بەڵکو شیمانەی ئەوە دەکرێت گەڕێکی تری دانووستان لە نێوان ئەمەریکا و ئێران بێتە کایەوە، بەڵام ئەمجارە بۆ ڕادەستکردن و لەنێوبردنی بەرنامە موشەکییەکانی ئێران، کە بۆ ئیسرائیل هیچی وای کەمتر نییە لە بەرنامە ئەتۆمییەکە! خۆ گەر ئەمە ڕوونەدات، دیسان ئیسرائیل لێی ئەدا و ئەمەریکاش گفتوگۆی لەگەڵ دەکات!

ئەڵبەت ئێران دیسان مل نادات و گورزێکی قورس لەبەرنامە موشەکییەکانیشی دەوەشێنرێت. گفتوگۆ بۆ ئەوەیە ئێران پڕۆژەی موشەکسازیش ڕاگرێت و ئەو موشەکانەیشی کە هەیەتی ئاشکرایان بکات و لەنێویان ببات، وەک موشەکە (الصمود و الرعد و ئەل هتد)ەکانی صەدام و (الجماهيرية)کانی قەزافی. بڕۆ لەناویبە، ئیدی چی لێ دەکەی بیکە، تەلەفی بکە و لە بیابان بیکە ژێر خۆڵەوە، موهیم ئەوەیە ئیش نەکەن! وەرە ببە بە وڵاتێکی مەدەنی، نابیت؟ دەتکەینە سوریایەکی گوێڕایەڵ!

دیسان بەوەش هەر لە کۆڵی نابنەوە و ئەبێت لانیکەم سوپای قودس کە لقی دەرەوەی سوپای پاسدارانە، هەڵبوەشێنێتەوە و سوپای پاسدارانیش ئەگەر هەڵنەوەشێنرێتەوە، وەک پاسەوانی سنوورەکانی ئێران لەناوخۆ و لە چوارچێوەی ئەرتەش حەل بکرێن و بە هیچ شێوەیەک دەخاڵەتی مەسائیلی سیاسی و بەتایبەتییش سیاسەتی دەرەکی نەکەن!

ئاواش هەر لە کۆڵی نابنەوە و ئەبێت تەغزییەی ماددی و ستراتیژیی سەرجەم گروپە میلیشیاییەکانی وەک حەشد و حەماس و حیزبوڵا و حوسییش ڕاگرێت و دەستیان لێ هەڵگرێت.

ئاواش هەر نا، هێشتا تەواو نەبووە، ئەبێت حەشدی شەعبیش لە عێراق هەڵبوەشێنرێتەوە کە ساڵی ٢٠١٥ ئۆباما ١٥ مەرجی خستبووە بەردەم عێراق کە یەکیان هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی بوو! ئەڵبەت ئەمەیان ئاسانە و ئیشی فەتوایەکی سیستانییە، کە دوور نییە ئەو فەتوایە بدرێت و ئەوجا لێرەوە مەترسییەک ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات…

لەنێوخۆی عێراق، گوشار دەکرێت و هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکان دەکەنە مەرجی هەڵوەشانەوەی پێشمەرگەش! یانی لەپاڵ حەشدی شەعبی، هێزی پێشمەرگەش هەڵبوەشێنرێتەوە. ئەمەش موقتەدا سەدر پێشتر بە وازحی ڕایگەیاندبوو! خۆ ئەگەر یەکێتی و پارتی، بەخێرایی یەکەی حەفتا و هەشتا و هەموو هێزە چەکدارییەکانی دەرەوەی مەنزومەی وەزارەتی پێشمەرگە، نەخەنە ژێر چەتری حکومەت و وەزارەتەوە، یان لە نێو ئەو فیرقانەدا حەلیان نەکەن کە ئەمەریکا و هاوپەیمانان خەریکی ڕێکخستن و دروستکردنیانن، بە دڵنیاییەوە یەکەی حەفتا و هەشتا، لیواکانی کاک فەتاح و مام سەعی و لالە فەتە و کاکە سمکۆ و حاجی مەجی و هتد، لەگەڵ حەشد و پاسدار و حیزبوڵا و حوسی، دەبنە هەڵم و هەڵا و کۆتاییان پێ دەهێنرێت…

دێینەوە ئێران! خۆ ئەگەر ئێران بە ئاشتی دەستی هەڵبگرتایە لە دۆسێ ئەتۆمییەکەی، بە تەدریج گەمارۆکانی لەسەر هەڵدەگیرا. پارە بلۆککراوەکانی بۆ دەگەڕێندرایەوە، کۆمپانیا و کاربەدەستە باڵاکانیان لە لیستی تیرۆر دەردەهێنرایە. دوور نەبوو سوپای پاسدارانیش لە لیستی تیرۆر دەرهێنرابا. تا ئەندازەی ئەوەی ئەمەریکا باڵوێزخانەی خۆی لە تاران کردبایەوە لەگەڵی نەرمیی دەنواند. کۆمپانیا زەبەلاحەکانی نەوت و پیشەسازی ڕوویان لە ئێران دەکرد، ئەو یۆرانیۆمە پیتێنراوەشیان بە پارەیەکی باش لێ دەکڕییەوە و ئاوا خەسار نەدەبوو، کە بایی ملیاران دۆلار بوو!

بەڵام ئێستا، دۆڕاوی جەنگە و تا گۆڕین و لە نێوچوونی ڕژێمەکە، لە کۆڵی نابنەوە و هیچ گوشار و گەمارۆیەکی لەسەر لاناچێت تەنانەت ئەگەر بە سەدی سەدیش تەسلیم بێت! وەلحاڵ پیاوە ئاقڵەکان، ئەبێت وێنە گەورەکە ببینن، دوای ئەمە ئەمەریکا و هاوپەیمانان موناقەشەی ترتان لەگەڵ ناکەن، یەکەی حەفتا و هەشتا و هێزەکانی کاک و مام و لالە و حاجی و سەید بکەنە هێزی نیشتمانی، دەنا لەگەڵ میلیشیاکان کۆتاییان پێ دێت..

بارزان عەلی حەمە

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button