وتار

پیرۆزبایی لە یەکێتی ئەکەم بۆ ئەو درۆنبارانەی سەریان…

یەکەم جارە درۆن و هەڕەشەی ئاوا ڕوو لە سلێمانی بکات. ئەمە دەرخەری ئەوەیە یەکێتی خەریکە یاخود ڕەنگە بەرەی داڕووخاوی ئێرانی بەردابێ و هاتبێتە بەرەی کوردستانییەوە! بەڵێ پێشتر لەم بەرەیە نەبوو، نەک هەر ئەوەندە، بەڵکو دژیشی بوو! بە ڕوونی لە دوای شەڕی ئیسرائیل/ئێران، گۆڕانێکی ماقوڵ بە یەکێتییەوە دەبینرێت، (کە هیوادارم بەردەوام بن و کاتیی نەبێت!)کە ئەمەش دەرخەری ئەوەیە یەکێتی بڕێک سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاندبێ و لەبەرەی باتڵی مەقاوەمە یاخی بووبێت!

گۆڕانکارییەکانی یەکێتی بە چەند خاڵێک دەبینرێت:

١- گوتاری تووندیان دژی حکومەتی هەرێم کاڵکردووەتەوە و گوشاری پێچەوانەیان لە میحوەری مەقاوەمەوە هاتووەتە سەر، ئەویش بە هێرشی سەر کەرکووک و ئەمڕۆش هێرشی سەر یەکەی حەفتا!

٢- ئەو خەڵکە لادەرە جۆراوجۆرانەی لە ژێر ناوی موعارەزە هەموو جارێک یان بە دنەدانی یەکێتی و یانیش بە هۆی گڵۆپی سەوزی یەکێتییەوە، هەموو شتێکیان بۆ لێدان لە هەرێم دەکرد، ئێستا دژ بەحکومەت هان نادرێن و نەک وەک جاران ئاراستەش ناکرێن، وادیارە ئەگەر خۆسەرانەش بیانەوێت جوڵەیەک بکەن، ڕێیان لێ دەگرن. وەک ئەوەی ئاسایشی سلێمانی بە ئیحترامەوە دەستگیریان کردن و کەبابیان بۆ کڕین و ناردیاننەوە ماڵەوە!

٣- بافڵ تاڵەبانی بە تەواوەتی بێدەنگە و وادیارە بەرپرسانی یەکێتیشی تەبلیغ کردبێت کە وەک جاران پۆپۆلیستانە ڕەفتار نەکەن و وتاری دژبەرانەی حکومەتی هەرێمیان پێ ڕاگیرابێت!

٤- تەواوی میدیای یەکێتی و نوسەر و (شتە سەربەخۆکانی سەر بەیەکێتی) بە جۆرێک بێدەنگ کراون، کە گوشارە نالۆژیکی و پۆپۆلیستیانەکەی پێشوویان دژ بە هەرێم زۆر کەم بووەتەوە!

٥- زۆربەی ناوەندە سەربازییەکانی یەکێتی لە سنووری تاسڵوجەدایە کە خۆی لە «یەکەی حەفتا و فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان» و بارەگای پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی ئیدارەی سلێمانی و هتد، کە وادیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا لەژێر گوشاری ئەمەریکادا، یەکێتی بێ گەڕانەوە بۆ ئێران و حیساب بۆ کردنی، ڕازی بووبێت بە یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە و ڕادەستکردنی بە وەزارەتی پێشمەرگە! کە ڕاستییەکە ئەوەیە ماوەکانی ڕابردوو یەکێتی لە ژێر گوشاری تووندی ئێران و میحوەری مەقاوەمە، بەردەوام ئەرقەلەی بۆ یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە دروست دەکرد!

٦- ئەوەی خۆش دیارە، ئەوەیە کە یەکێتی دڵنیابووەتەوە یان دڵنیا کراوەتەوە لە ڕووخانی ئێران و هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی و داڕمانی میحوەری مەقاوەمە و وا خەریکە وردە وردە کیسەیان لەگەڵ جیا دەکاتەوە!

تێکڕای ئەو خاڵانە لە ماوەی سێ مانگی تردا (کە هەڵبژاردنەکانی عێراقە!)ڕاستییەکانی دەردەکەوێت و ئەگەر گوشار و ئاریشەی موزاهەرات و ئینشیقاق و شتی وا لە سلێمانی و یەکێتیدا ڕوویدا و یەکێتی لە هەڵبژاردندا کورسی لە دەست بدات، ئەوە دیارە تەڵاقی سیاسیی لە ئێران وەرگرتووە و عیدەی شەرعییەکەی تەواو دەبێت و هەمووتان دەتوانن بەخێرهاتنەوەیەکی گەرمی یەکێتی بکەن بۆ باوەشی کوردستان و دەرچوون لە ژێر عەبا و عەمامەی عەرەب و عەجەمدا..
گەر یەکێتی سووربێت لەو (یاخیگەرییە) درۆنبارانی سلێمانی بەردەوام دەبێ، بەڵام ئەگەر وابێت، درۆنی شەرەفە و وادیارە ئاراستەی کوردستان ڕوو لە باشی و بەهێزییە، ئەوجا بۆ یەکێتی و سلێمانی گونجاوە بڵێت:

دەمکوژێ ئەمما بە گژ جەلادەکەم دادێمەوە
کوردم و ناتوێمەوە، ناتوێمەوە..ناتوێمەوە!

بارزان عەلی حەمە

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button