
سەنگەری میللەت و زۆنگاوی میلیشیا
ئەگەر هەڵە نەبم (جەلال عامر)ی نووسەر و ڕۆژنامەنووسی میسرییە دەڵێت: “لەگەڵ میلیشیاکان دژی نیشتیمانی خۆتان مەوەستن،
تەنانەت ئەگەر نیشتیمان تەنیا شوێنێک بێت کە شەوانە لەسەر شۆستەکەی بخەوین.”
ڕەنگە ئەم قسەیەی ئەو نووسەرە پڕ بە پێستی ئێستای ئێمەی هەرێمی کوردستان بێت، کە کێشەیەکی قووڵی وجودی و دەستووریمان لەگەڵ عێراق هەیە، عێراقێک کە میلیشیای وەلائی بەڕێوەی دەبات، نەک دەوڵەت!
دیارە پرسی سەرەکیی ئێمە مووچە نییە، بەڵکوو پرسی ناسنامە و بوون و مانەوە و بەردەوامیمانە، کە بەرامبەرەکەمان هەموو هەوڵێک دەدات و دەست بۆ هەموو شتێک دەبات، بۆ ئەوەی ئەم پرسە جەوهەری و جیددییەی کوردبوونمان لەبیر بباتەوە و دەستبردنیشی بۆ بڕینی مووچە و قووتی گەلی کوردستان، یەکێکە لەو ئامرازانەی وەک کارتێکی سیاسی و بە ئامانجی لەبیربردنەوەی پرسە سەرەکییەکەمان، دەستی بۆ بردووە.
ڕاستییەکەی، ئەزموونی سی و دوو ساڵی ڕابردوومان لەگەڵ حکوومەتە یەک لەدوا یەکەکانی بەغدا، ئەو ڕاستییەی بۆمان سەلماندووە، کە بەغدا نەک ئامادەی چوونە ژێر باری دەستوور و ئەو بنەمایانە (هاوبەشی، سازان و هاوسەنگی) نییە کە عێراقی بەناو نوێی دوای ڕووخاندنی بەعسی لەسەر بونیاد نراوە، بەڵکوو هیچ نەماوە لە پێشێلکردنی بنەما دەستوورییەکان لەگەڵ ئێمەدا نەیکەن.
ئێستا کە گوایە خەریکە هەرێم و عێراق لەسەر بابەتی نەوت و داهات و مووچە و بودجە دەگەنە ڕێککەوتنێکی مامناوەندی، وەلێ هێشتا ئاسان نییە بەبێ متمانەیەکی کۆنکرێتی، لە خەم بڕەخسێین و سبەی ڕۆژ عێراق و سەرانی، پەڵپ و بیانوویەکی تر بە هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی نەگرن.
بۆ نموونە، گریمان هەرێم ڕازی دەبێت هەموو داهاتە نەوتی و نانەوتییەكان ڕادەستی بەغدا بكات، بەڵام پرسیارە گرنگەکە ئەمەیە: ئاخۆ بەغدا بە نیازی پاک و دیدی چارەسەرخوازانەی ڕیشەیی بەپیر ئەم ڕێککەوتنەوە دێت، یان وەکوو هەموو ڕێککەوتنەکانی تر، دیسان دەچێتەوە سەر کەلی شەیتانیی هەوڵەکانی بۆ بەناوەندیکردنەوەی دەسەڵات و هەڕەشەکردن لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان؟
ڕوونتر بڵێین: ئایا لە ئەگەری ڕادەستکردنی داهاتەکاندا، بەغدا ئامادەیە بچێتە ژێر باری ناردنی بودجە (نەک تەنیا مووچە!) و تەواوی بەرکەوتە و شایستە دارایی و یاساییەکانی هەرێمی کوردستان مسۆگەر بکات؟ گرەنتیی یاسایی چییە کە دیسان خۆی لە بەرپرسیارێتیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە نادزێتەوە و بە بیانووێکی دیکە یەخەی هەرێم ناگرێتەوە؟
بە هەرحاڵ، بەغدا بەسەری خۆی، ئەی ئەو دەنگ و ڕەنگە نەشازانەی ناوخۆ کە بەردەوام ئاو دەکەنە ئاشی بەغدا و میلیشیاکانی، ئاخۆ ئەمجارە لەم خەوی غەفڵەتی خۆبەبچووکزانیەیان بێدار دەبنەوە و سەریان لە بەردی ئەلحەد دەدەن و چیتر کچی خۆیان بە قوربانیی کوڕی ئەوانی تر ناکەن؟ ئایا هەر ئاوا پاساوی عەقڵیەتی ناوەندگەرایی میلیشیاکان دەدەنەوە و نیشتمان و گەلی خۆیان (واز لە حکوومەت هەر بێنن) دەکەنەوە نێچیری بەر کەڵبەی ئەوانەی هەموو شتێک دەکەن، تەنیا بۆ ئەوەی گەلی کوردستان لە ئاشتی و ئازادی و کوردستان لە ئارامی و ئاوەدانکردنەوەدا نەژیێت؟
بە کورتی: دووبارە دەگەڕێینەوە بۆ قسەکانی سەرەتای وتارەکەمان و دەپرسین: ئاخۆ ئەم تابووری پێنجەمەی ناوخۆ بەخۆیدا دەچێتەوە یان نا؟ ئایا ئەمجارەیان لەنێوان (شۆستەی ئارام و ئامێزی گەرمی نیشتمان) و (سێبەری قورس و باوەشی دڕکاویی میلیشیا) کامیان هەڵدەبژێرنەوە؟
چیا هەرکی