وتار

دوا سەردانم بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق

من عێراقیم و زۆر شانازی بە وڵاتەکەمەوە دەکەم و هیوای ئارامی و ئاسایش و سەقامگیری و پێشکەوتن و گەشەکردنی بۆ دەخوازم؛ لە خوا دەپاڕێمەوە سەرکردایەتییەکی نیشتمانپەروەر گەلەکەی بەرەو داهاتوویەکی باشتر ڕێبەرایەتیی بکات.

هەموو ئەوانەی لە سەرەوە باسم کردوون، لە هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی لەو ناوچانەی کە لە هەولێر و دهۆک سەردانم کردوون، هەن. لەوانەیە لە سلێمانیش هەبن. کاتێک سەردانی هەولێر دەکەیت هەر لە فڕۆکەخانەوە تا هەر جێگەیەک بۆی بچیت، بە جوانی و پێشکەوتووانە مامەڵەت لەگەڵدا دەکرێت.

بۆ کارێکی پێویست ڕێم کەوتە نووسینگەی دادنووسی هەولێر لە عەنکاوە، لەوێ چاوم بە بەڕێوەبەرە بەڕێزەکەی خاتوو ڤیان محەممەد سادق، کەوت، کە بە ئەوپەڕی ڕێز و پسپۆڕییەوە هاوکاریی کردم و داوای لێم کرد بچمە لای یەکێک لە دادنووسەکان بۆ ئەوەی شێوازی وەکالەتەکم بۆ ئامادە بکات، کاتێکیش ویستم وەک پاداشتێک هاوکارییەکی ماددی بچووکی بکەم، ڕەتی کردەوە و گوتی: قەدەغەیە هیچ پاداشتێک لە هاووڵاتی وەربگرین، هەروا ئاماژەی بە بوونی کامێرای چاودێریی لە نووسینگەکە دا. ئەم هەڵوێستە، ناوچەکانی دیکەی عێراقی بیرخستمەوە کە گەندەڵی و بەرتیل و دزینی موڵکی گشتیی وێرانیانی کردووە.

کاتی گەڕانەوەشم بۆ دەوحە، ناچار بووم بە ڕێگەی وشکانیدا لە هەولێرەوە بچمە دهۆک و زاخۆ “چونکە فڕۆکەخانەکان داخرابوون” لە ڕێگە چیم بینی؟ پێشکەوتنی لە ڕادەبەدەری ئاوەدانی و ژێرخانی بەرچاو، ئەوەش زیاتر دڵمی خۆش کرد، دیتنی پارێزگای دهۆک بوو پاش 40 ساڵ، سەرسامی جوانییەکەی بووم و بڕیارم دا، لە نزیکترین کاتدا جارێکی دیکە سەردانی بکەمەوە و چێژ لە جوانی و هەڵسوکەوتی شیرینی دانیشتوانەکەی ببینم.

خەڵکی زاخۆ و یانەکەی

پێش ئەم سەردانەم، لە فڕۆکەدا لەگەڵ کەسێکی خەڵکی زاخۆ بە ناوی ئەلەند ئەحمەد محەمەد ناسیاریم پەیدا کرد و داوای لێم کرد سەردانی شارەکەی بکەم. لە وەڵامدا پێم گوت: خوا یار بێت، دێمە سەردانت. دواتر پەیوەندیم پێوە کرد و ئاگادارم کرد کە بە ڕێگاوەم بۆ دهۆک. کە گەیشتمە هۆتێلەکە، تەماشام کرد لە زاخۆوە هاتووەتە پێشوازیم و لە میوانداریکردنمدا هیچ قسووری نەکرد.

بۆ ڕۆژی دواتر، ئۆتۆمبیلێکی تایبەتیی بە دوامدا ناردبوو بۆ ئەوەی لە دهۆکەوە پێی بچم بۆ زاخۆ. لە زاخۆ، لە خواردنگەی مۆنتانا لە زاخۆی نوێ، داوەتمی کرد، یاریزانی بەڕیز ئەمجەد عەتوان، کاپتنی یانەی زاخۆ، کە پلەی سێیەمی یانەکانی عێراقی بە دەست هێنابوو، ئامادەی داوەتەکە بوو. پاشان بۆ خواردنەوەی فنجانێک قاوە چووینە ماڵی شێخ ڕەشید ئاغا، کە خۆی و ماڵباتەکەی بە گەرمیی پێشوازییان لێم کرد.

ئەم هاوڕێ بەوەفایەم، بۆ ڕۆژی دواتر، ئۆتۆمبیلێکی تایبەتی بۆم دابین کرد تاکوو بمگەیەنێتە تورکیا. لەسەر سنووری عێراق – تورکیا ڕووبەڕووی مامەڵەی بەرز و جوانی کارمەندانی سنوور بوومەوە کە بەبێ دواکەوتن کارەکانیان ڕایی دەکرد. یەکێک لە پۆلیسەکان بە پلەی (مفەوەز) کە هاوکارییمانی کرد، ویستم پاداشتێکی بدەمێ، بەڵام شۆفێرکە پێی ڕاگەیاندم کاری ئاوها قەدەغەیە. پێم گوت خۆ کەس نامان بینێت؟ شۆفێرەکە وەڵامی دایەوە: ویژدان و نیشمانپەروەرییەکەی ڕێگریی لێ دەکات. هەر بۆ ئاگاداری، ئەو مرۆڤانە، بەهۆی لاقچەقێنیی بەغداوە شەش مانگ جارێک مووچەکانیان وەردەگرن.

لەبەر هەموو ئەمانە، خۆشەویستیم بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق و سەرۆکایەتییەکەی گەلەکەی، لە سەرووی هەمووان، ڕێبەرە حەکیمەکەی مەسعود بارزانی، زیاتر بوو. ئەو ڕێبەرەی هەرێمیكی دروست کردووە کە مایەی شانازیمانە و هیوای سەرکەوتن بۆ گەلەکەی دەخوازین.

د. وەلید حەدیسی

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button