سوپای عێراق هاووڵاتییەکی کورد لەسەر زەوی خۆی دەداتە دادگا

سوپای عێراق لە تۆبزاوە، سکاڵایەکی لەدژی هاووڵاتییەکی کورد تۆمار کردووە، دادگای تاوانی کەرکووکیش، سزای شەش مانگ زیندانی بەسەر ئەو کەسەدا سەپاندووە.
بەپێی زانیاریەکان لە کەرکووک، هاووڵاتییەک بەناوی ئیبراهیم تۆبزاوەیی، لەگوندی خۆی لە تۆبزاوە، لەسەر زەوی خۆی خانووی دروست کردووە، سوپای عێراق هاتووەتە سەر خانووەکەی و لەنێو خانووەکە دەریان کردووە، سوپای عێراق لە دادگاش سکاڵایان لێی کردووە، دەڵێن ئەو خانووەی تۆ لەسەر ئەو زەوییە دروستت کردووە، زەوی ئێمەیە، دەڵێن دەبێت خانووەکە بڕوخێنی و قەرەبووش بدەیە ئێمە، هەر ئەم هاووڵاتییە ئەوەی دەرهەق نەکراوە، بەڵکو 20 جووتیاری دیکەش 300 دۆنم زەوییان هەیە و دەڵێن دەبێت چۆڵی بکەن.
ئیبراهیم تۆبزاوەیی رایگەیاند: ماوەیەک پێش ئێستا فیرقەی 11ـی سوپای عێراق سکاڵایان لەسەرم تۆمارکرد، بە سێ ملیۆن دینار بە کەفالەت ئازاد کرام، ئەمڕۆ جارێکی دیکە پۆلیس ئاگەدارکردنەوەیان بۆ هێنام، ڕەوانەی دادگای تاوان کرام و چوومە دادگا، دادوەر لێی پرسیم کە بۆچی زێدەڕۆییم کردووەتە سەر ئەم زەوییە، پێم گوت زێدەڕۆییم نەکردووە و زەوی باپیرمە، گوتی نەخێر ئەمە زەوی وەزارەتی بەرگرییە و تۆ زێدەڕۆیت کردووەتە سەر موڵکی دەوڵەت، بۆیە شەش مانگ بڕیاری زیندانیکردنی منیان دەرکرد، بەڵام جێبەجێ ناکرێت چونکە پێشینەی تاوانم نییە.
دەڵێت: لەو ماوەیەدا هەر کێشەیەکم هەبێت، دادگا بۆی هەیە سێ ساڵ زیندانیم بکات، داوا لە حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم بەدەنگ خەڵکی تۆبزاواوە بێن، دەڵێت: تەنها ڕووخسارەکان گۆڕاون، ئەگینا تەواوی بڕیارەکان هی سەردەمی بەعسن، وشە بە وشە بڕیارەکانی بەعس جێبەجێ دەکەن بێ هیچ ترس و دڵەڕاوکێیەک، لە کەس ناترسن چونکە هێز لالەی ئەوانە.