هەواڵ

لە یەک رۆژدا 8 کەس لە سێدارە دران

میدیا فەرمییەکانی سعودیە دەڵێن، وڵاتەکەیان لە یەک رۆژدا 8 کەسی لەسێدارە داوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لەو شانشینە، بەتایبەتی لەسەر ئەو کەیسانەی پەیوەندییان بە ماددە هۆشبەرەکانەوە هەیە.

ئاژانسی فەرمیی هەواڵی سعودیە (SPA) بڵاویکردەوە، رۆژی شەممە چوار هاووڵاتیی سۆماڵی و سێ هاووڵاتیی ئەسیوپی لە ناوچەی نەجرانی باشووری وڵاتەکە “بە تۆمەتی بەقاچاخبردنی حەشیش بۆ نێو شانشینەکە” لەسێدارە دراون.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، پیاوێکی دیکەی سعودی بە تۆمەتی کوشتنی دایکی لەسێدارە دراوە.

لە سەرەتای ساڵی 2025ـەوە، سعودیە 230 کەسی لەسێدارە داوە. زۆربەی ئەو لەسێدارەدراوانە، واتە 154 کەسیان لەسەر تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان بووە.

ئەم خێراییە لە جێبەجێکردنی سزاکاندا، وا دەکات سعودیە ژمارەی پێوانەیی ساڵی رابردوو تێپەڕێنێت، کە 338 کەسی لە سێدارە دابوو.

ئەم زیادبوونە بە “شەڕی دژی ماددە هۆشبەرەکان”ی شانشینەکەوە دەبەسترێتەوە، کە لە ساڵی 2023 دەستیپێکردووە.

سعودیە لە کۆتایی ساڵی 2022 دەستی بە جێبەجێکردنەوەی سزای لەسێدارەدان کردەوە بۆ تاوانەکانی ماددەی هۆشبەر، دوای ئەوەی بۆ ماوەی نزیکەی سێ ساڵ جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی لە کەیسەکانی ماددەی هۆشبەردا راگرتبوو.

لە ساڵی 2022دا 19 کەس، لە ساڵی 2023دا دوو کەس و لە ساڵی 2024دا 117 کەس بە تاوانی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لە سێدارە دراون.

بەرپرسانی سعودیە دەڵێن، سزای لەسێدارەدان بۆ پاراستنی ئاسایشی گشتی پێویستە و تەنیا دوای ئەوە جێبەجێ دەکرێت کە هەموو رێگەکانی تێهەڵچوونەوەی یاسایی تەواو بووبن.

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button