وتار

دکتۆر ئاسۆی شێخ جەنگی

کەمێك پێش ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیێت (١٩٩١) من لە هەنگاریاوە بە شەمەندەفەر بۆ لێنینگراد دەگەڕامەوە. ئەو ڕێگایە نزیکەی ٣٦ کاتژمێربوو. گەیشمە شاری لڤۆڤ (لڤیڤ) و بیرمکردەوە بۆچی (٢٤) کاتژمێری دیکە لەناو قیتار بمێنمەوە، باشترە بە فڕۆکە بۆ شاری لێنینگرا بگەڕێمەوە… هەر واشم کرد.
من لە لڤۆڤ دابەزیم و بلێتێکی فڕۆکەم کڕی، کە پاش حەوت کاتژمێری دیکە بۆ لێنینگراد دەفڕی. بە پێویستم زانی، لەو ماوەیە سەردانی هەندێ لە برادەرانم بکەم بەڵام، نەمدەزانی کامە لە برادەرەکانم لە لڤۆڤ دەخوێنن؟ تەکسیێکم گرت و بۆلای ئەو بەشە ناوخۆییە چووم، کە لە نزیک وێستگەی شەمەندەفەر بوو. لە قوتابییەکانی بەردەرگام پرسی: ئایا هیچ کوردێکی ئێراقی لێرە دەژین؟ ژمارەی ژوورێکیان پێدام، ژووری کاک ئاسۆی شێخ جەنگی دەرچوو. ژوورێکی مام ناوەند، کە لە مافورێكی (٣x٢)ی دەکرد، بە کتێب و کاغەز و فایل هەموو کون و قوژبنێكی داپۆشرابوو و کاک ئاسۆش لەسەر زەوی دانیشتبوو، خەریکی خوێندن بوو. ئەو خۆی بۆ تاقیکردنەوە ئامادە دەکرد. کاک ئاسۆ لە بەشی پزیشیکی ددان دەیخوێند. خوێندن لە لکەکانی پزیشیکی لە هەموو زانکۆیەک زۆر گرانە، بۆ تاقیکردنەوەکانیش خۆئامادەکردنی زۆری دەوێ، بۆیە لە پازدە خولەک زیاتر لای نەمامەوە، چونکە نەمویست کاتی زۆری بگرم.
کاک ئاسۆ بە سەرکەوتوویی خوێندنی تەواوکرد، بۆ سوید هات و لە سوید لە کارلستاد و دەوروبەری وەک پزیشکی ددان دەستی بەکارکردن کرد. ژیانێكی خۆش و ئارامی لە سوید هەبوو.
لە سەردانێكی بۆ کوردستان مام جەلال دەبینیت، کە سەرۆککۆمار بوو. مام پرسیاری ژیان و کاری لێدەکات و ئەویش دەڵێ، کە وەک پزیشکی ددان لە فلانە بوار لە سوید کاردەکەم. مام بێبیرکردنەوە دەڵێ، بۆ ئەو پسپۆرییە، من بۆ ئوردن چووم و لەوێندەر چارەسەرم وەرگرت، نابی بگەڕێیتەوە سوید و دەبی لای مامی خۆت کار بکەی. دکتۆر ئاسۆ دەڵێ، دەبی بۆ سوید بچمەوە، هەتا شوقەکەم بگەڕێنمەوە و دەستلەکارهەڵگرتنیش بنووسم. واشی کرد، لە ماوەیەکی کەم، سویدی جێهێشت و بۆ خزمەتکردنی مام بۆ وڵات گەڕایەوە، ئیستاش کوڕانی مام لە جیاتی چاکە و خەڵاتکردن، لە شەڕی ڕەشی لالەزار لەگەڵ دوو برای دیکە (شێخ لاهور و کاک پۆڵاد) بەدیل گرتوویانە.
لەوکاتەی قوباد و بافل لە ئەوڕوپا دەژیان و کوردستانیان لەڕێی شاشەکانەوە دەبینی، ئامۆزاکانیان (کاک عەلی، دکتۆر نەهرۆ، د. شێرکۆ تاڵەبانی، کاک ئاراسی شێخ جەنگی و کاک هیوای برای و کاک ئاسۆ…هتد) ژیانی مام جەلالیان دەپاراست و خزمەتیان دەکرد، ئێستاش ئەو جووتە برایە، شەقاوە و تێکدەرە، بە دڕۆن و تانک و زرێپۆش و تۆپ، بە بەشداری سەتان چەکدار وهەموو هێزەکانی یەکێتیی، شەڕی ئامۆزاکانی خۆیان دەکەن، بێ ئەوەی بیر لە شاری سلێمانی و خەڵک و یەکێتی و کورد و دیموکڕاتییەت و پرەنسیپەکانی حزب بکەنەوە… چەند شەرمە… ئەگەر کەسێک بۆ ئامۆزاکانی خۆی دڵسۆز نەبی، نازانم چۆن بڕوای پێدەکرێ، خزمەت بە کورد و کەرکوک و پێشمەرگە و خانەوادەی شەهید و پێشمەرگەی دێرین و حزب دەکا؟ لەوەش خراپتر، چۆن خەڵک لە ڕووی دێت و بڵێ: من ئەندامی مەکتەبی سیاسی یان سەرکردایەتی یەکێتییم، کە قوڕسایی پووشێکی نەبیت و جورئەت نەکا، بڵێ هەتا زووە دەبی هەموو گیراوەکانی سیاسیی ئازادبکرێن و هەموو مافێکیان بۆبگێڕدرێتەوە…

ئازادی بۆ گیراوانی لالەزار و شەرمەزاریش بۆ کوڕانی مام جەلال و سەرکردایەتی نوێی یەکێتیی

د.مەغدید سەپان

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button