
من، ئینقیلابێک لەسەر ڕێگەی ئەم گەنجە هەڵەشەیە دەبینم
ئەمە هەمان شێوازی حوکمڕانییەکەی عیدی ئەمینە لە ئۆگەندا، لە ترۆپکی سەرکەوتندا دەڕووخێت. (بە مەبەست دەڵێم عیدی ئەمین، ڕۆژی خۆی دێت و ڕوونی دەکەمەوە!) بافڵ ئێستا سەرمەستی سەرکەوتنەکانیەتی، موژدەی دەدەمێ کە بڕێکی تریش هەڕەشە و هەڵکشانی دەبێت و خەڵکێکی لە ئێستا زیاتریش لەبەرامبەریدا دەشکێن و لێی دەترسێن! بەڵام وەها دەگلێ، کە ئێمە و مانان، لەوکاتەدا لۆمەی نەیارەکانی بکەین تا ڕیجالەت بنوێنن و ئیهانەی نەکەن، وەک ئەو ئیهانەی لاهوری کرد!
گەرنا، شەوێک دەیبیستن، بافڵ لە شاردا نەماوە و بە بێدەنگی چووەتە دەرەوەیەکی نادیار. هەموو ئەو هێزانەی بۆ مەرامێکی کاتی و تایبەتیش، بە یەکتری سەرکوتی کردوون، ڕۆژێک زۆر بە تووندی بە یەکدا هەڵدەشاخێن و جومگە و جومجومەی یەکتری دەشکێنن!
ئەو شارەی بافڵ، مایکیاڤیلیستانە و بە ڕوئیە و لایف ستایلی عیدی ئەمینەوە بێدەنگی کردووە، پڕ پڕە لە بیرۆکەی هەڵگەڕانەوە و ئینقیلابات. سەرکردەی واقعی، دەقیقەن دەبێت لەو ڕۆژە بترسێت کە کۆمەڵگە کڕ و بێدەنگە لێی، جا چ لێی بترسن یان لێی بزڤرن!
ئارامی شار، بە مۆتە و محەلەبی خواردنی هەرزەکارێکی سەهۆڵەکە ناپێورێت. لە موسڵی سەردەمی داعشیشدا، لە گەڕەکەکانی دەواسە و نەبی یونس و حي الكرامة خەڵک مۆتەی دەخوارد و تکەی لێ دەدا..
لە سەرکەوتندا، دڵخۆش مەبە بەو کەسانەی بە واقعی ترساندووتن، مەترسیدارترین مرۆڤەکان بۆ سەرکردەی سیاسی و عەسکەری، ئەوانەن کە لە زیهنیاندا لێت ترسابن!
من، ئینقیلابێک لەسەر ڕێگەی ئەم گەنجە هەڵەشەیە دەبینم، وەک کورد دەڵێت: گاور بەزەیی پێیدا بێتەوە! ئەو دەڕوات و ئەوەی لە پاشی جێ دەمێنێ، بڕێک خوێنی تر، بڕێک بینا و باڵەخانەی داڕووخاوی تر، کەلاوەیەک کە کۆدەبینەوە تیایدا و دەڵێین: بافڵ بێرەدا تێپەڕی…
بە قەولی سەیفی فەرغان کە بۆ دڕندەیی هاتنی مەغۆل بۆ ئێران نووسیویەتی و مامۆستا ناسری حیسامی وەرگێڕاوە بۆ کوردی:
کوندی مهینهت، بۆ وهی بهسهر کهلاوهتاندا بخوێنێ،
ڕۆژێک بهسهر کۆشک و سهرا و، بهرههیوانی ئێوهشدا دێ!
سوارچاک ههبوو، نه ئهسپی ما، نه تۆزی ما بهدهشتهوە
دامرکانی تهپوتۆزی کهرگهوزانی ئێوهش، دادێ!
بارزان عەلی حەمە