
لاهور و پیلانگێڕیەکانی
لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٥ لە شارەکانی سنوری سلێمانی و ئیدارەی ڕاپەڕین خۆپیشاندان دەستی پێکردبوو، بەڵام ئەمجارەیان خۆپیشاندانی خۆڕسکانەی خەڵک یان بە بڕیاری بزوتنەوەی گۆڕان نەبوو، بەڵکو بە دەستی لاهور و بەتایبەت بۆ سوتاندنی بارەگاکانی پارتی بوو، لەو خۆپیشاندانەدا بە پەیوەندی ژێربەژێر هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕانی بەکار دەهێنا بەمەبەستی ئەوەی هەم پارتی لاواز بکات لە سلێمانی و هەمیش پارتی و گۆڕان بکات بە گژی یەکتردا، من بە باشی لەو پیلانگێڕیە تێگەیشتبووم، بۆیە نەمدەهێشت هەڵسوڕاومان بەشداری خۆپیشاندانی چەمچەماڵ بکات و بە شێوەی جۆراوجۆریش ڕێگربووم لەوەی لقی چەمچەماڵی پارتی بسوتێندرێت، لاهور چەند جارێک پەیوەندی پێمەوەکرد وەڵامم نەدایەوە، تا تەکلیفی لە کاک ڕەشید هەڕێنەیی هەڵسوڕاوی دیاری گۆڕان کردبوو کە وەڵامی بدەمەوە و داوایشی کردبوو توڕە نەبم تا قسەکانی تەواو دەکات، دوای ئەوە تێلی کرد و بە زمانە لوس و تایبەتەکەی خۆی کەوتە وەسفی من و وتی کە خۆی بە قوتابی کاک نەوشیروان دەزانێت، وتم فەرموو بچۆ سەر بابەتەکە، وتی: بۆ ئەوە پەیوەندیمکردووە نە ئێوە ئاسایشەکانی ئێمە ئەزێت بدەن و نە ئێمەش خەڵکەکەی ئێوە ئەزێت دەدەین، ڕێگریان لێناکەین با بچنە سەر لقی پارتی و بیسوتێنن، با پارتی لە سنورەکەتان نەمێنێت، دەزانم تۆ زۆر ڕقت لە پارتیە و ئێمەش هاوکارت دەبین و بە ئاسایشم وتووە ئاسانکاری بۆ خەڵک بکەن کە بچنە سەر لقی پارتی و بیسوتێنن، بە پێکەنینەوە وتی ئیتر لەوە زیاتر چیت دەوێت.
لە وەڵامدا وتم:
یەکەم، زۆر باش لە پیلانگێڕیەکەتان تێگەیشتووم، دەزانم لە قەڵادزێ و شارەکانی تر چیت کردووە و چۆن هەڵسوڕاو و خەڵکی گۆڕانت بەکار هێناوە بەناوی داوای مافی خەڵک، بەڵام بۆ مەرامی خۆتان و تێکدانی نێوان گۆڕان و پارتی، ئەوەش دەزانم کە لەلایەن جێگری مەڵبەندی چەمچەماڵەوە چەند کەسێکتان خستۆتە ناو خۆپیشاندانەوە بۆ ئەوەی ئاراستەیان بگۆڕن بۆ سەر بارەگای پارتی و بە ئاسایشتان وتووە ئاسانکاریان بۆ بکەن و دوایش خۆتان پیاو باش دەکەن و گۆڕان خەتابار دەکەن، دڵنیابە نایەڵم لە چەمچەماڵ ئەوە ڕوو بدات، نە ڕێگا بە هەڵسوڕاو و خەڵکی گۆڕان دەدەم بەشدار بن، نە لە پیاوەکانی ئێوەش قەبوڵ دەکەم بەناوی گۆڕانەوە ئەو کارە بکەن، ئەمەی تۆش دەیکەیت هیچ سودی بۆ خەڵک نیە و بۆ خۆیشتان عەیبە و دووڕووییە ئێوە لەگەڵ پارتی لە حکومەت و دەسەڵات بەشدارن و لە ژێریشەوە ئاوها بە یەکتر دەکەن، بەڕاستی ئەمە حیز فرسەتیە و ئەگەر ڕاستەکەن لە حکومەت بکشێنەوە و ببن بە ئۆپۆزیسۆن.
دووەم، ئێمە ئێوە و پارتی وەکو یەک دەبینین و هیچ جیاوازیەکتان نیە، هەردوو لاتان بەرپرسن لەو گەندەڵی و نادادیەی کە هەیە، چونکە ئێوەش وەکو پارتی شەریک و بەشدارن لە حکومڕانی.
سێیەم، ئێمە تەنها خۆپیشاندان بۆ داواکاری خەڵک وەکو خزمەتگوزاری و ئاو و کارەبا و ماف و ئازادی ئەوان ڕێکدەخەین نەک لەپێناو ململانێی حیزبی و بۆ سوتاندنی بارەگایەک کە دەسەڵاتی نیە نەسریە و پێداویستیەکانی بارەگاکەی خۆی باش بکات و کەس لە سەرەوە گوێیان لێناگرێت.
لە کۆتایدا وتی: برا بەسە، زۆر سوپاس و ماڵ ئاوا، بەڵام قەرار نەبوو وا بە ڕەقی قسەم لەگەڵ بکەیت، ئەوەی من دەیکەم سیاسەتە نەک پیلانگێڕی و حیزفرسەتی، هەقیشە بزانیت لەگەڵ کێ دەدوێیت و چۆن قسە دەکەیت. منیش وتم: خوات لەگەڵ هیوادارم تۆش واز لە پیلانگێڕی بهێنیت و بزانیت کە من بوکەڵە و هی یاری پێکردن نیم.
دوای ئەو مشتومڕەی لە سەرەوە باسمکرد
کاردانەوە و پیلانگێڕی لاهور و دارودەستەکەی لە چەمچەماڵ لە دژی من دەستی پێکرد:
لە ساڵی ٢٠١٦دا تەقینەوەیەکی گەورە بە بڕی ٦٠ کیلۆ تی ئێن تی لە بەردەم مەکۆی چەمچەماڵی بزوتنەوەی گۆڕان ڕوویدا، زیانی گیانی نەبوو، بەڵام زیانێکی زۆری بە مەکۆکە و ئۆتۆبێل و ماڵە دراوسێکانی مەکۆ گەیاند، دوای چەند مانگێک بۆماندەرکەوت کە کەسایەتیەکی دیاری سنورەکە و دۆست و ئازیزمان لە هەمانکاتدا فەرماندەیەکی سەربازی پارتیش بوو لەگەڵ کوڕێکی گەنجی خۆیدا ناکۆکی کەوتبووە نێوانیان و ئەو گەنجە لە داخی باوکی ژێربەژێر پەیوەندی لەگەڵ دارودەستەی لاهور دروستکردبوو، ئەوانیش هانیاندابوو کە وەکو یەکەم چالاکی مەکۆی گۆڕان بتەقێنێتەوە، دوای ماوەیەکیش هەر خۆیان ناڕاستەوخۆ زانیاریان بە ئێمەدا، بەڵام کاتێک ئێمە زانیاریمان پێگەیشت ئەو گەنجە بە کارەساتێک گیانی لە دەست دابوو، بەڵام هاوڕێیەکی ئەو گەنجە کەوتە دەستمان، بردمان بۆ مەکۆی سەرەکی گۆڕان و لەلایەن کاک قادری حاجی عەلی لێکۆڵینەوەی لێکرا و تەواوی ڕاستیەکانی بۆمان باسکرد و تۆمارمانکرد، دواتر کاک قادر بە منی وت: ئەمە بۆ تیرۆرکردنی تۆ بووە و ئێستا بڕیار لای تۆیە، وتم: کاک قادر ئەمە پیلانگێڕیە و هەموو شتێکی نێوان خۆم و لاهورم بۆ باسکرد، وتم من پێم باشە ئەم بابەتە دابخەین، چوونکە بکەرەکە گەنجێکە هەڵیانخەڵەتاندووە و ئێستاش لە ژیان نەماوە، باوکیشی زۆر دۆستمانە، هەروها بۆئەوەی پیلانگێڕیەکەی لاهوریش سەرنەگرێت، بۆیە ئەو کەسەمان ئیزندا و ئەو بابەتەمان بە نهێنی هێشتەوە و دامانخست.
پیلانگێڕی دواتریان لە ساڵی ٢٠١٧دا ئەوەبوو کە لاهور بە هاوکاری جێگری مەڵبەندی چەمچەماڵی یەکێتی سێ گەنجیان بە ناوەکانی ( جوانڕۆ عارف و هەڵمەت و شەهاب) دەستگیرکردبوو، لە دەزگای دژەتیرۆر و هەمان ئەو دەزگای ئاسایشەی کە ئێستا لاهور خۆی لێ بەندکراوە بۆ ماوەی ١٨ ڕۆژ بە توندترین شێوە، بە کارەبا، سەگ تێبەردان، هەڕەشەی تەعداکردن لە ناوموسیان ئەشکەنجەیانیاندابوو تا ئەوەی ناچاریانیانکردبوو کە لە دادگای سلێمانی دان بەوەدا بنێن کە چەندین تاوان و تەقەکردنی شەوانیان بۆ من ئەنجامداوە، لە کاتێکدا خوا شاهیدە تا ئەوکاتە نە ئەیانم ناسی نە بینیبویانم و نە ناویانم بیستبوو، ئێستا ئەو سێ کەسە لە ژیاندا ماون و ڕەنگە ئەم بابەتەش ببینن، وە ئاگاداری هیچ تاوان و تەقەکردنێکیش نەبووم.
لەو کاتانەدا نامەیەکم بۆ لاهور ناردبوو کە واز لەو پیلانگێڕیە دژی من و بێڕێزی بە خەڵکی چەمچەماڵ بهێنێت، بیرم ماوە بزەبت بۆیم نوسیبوو:
(ئەوە خوێڕی بۆ ناوێری وەڵامی تێل بدەیتەوە؟
دەمەوێ پێت بڵێم واز لەو پیلانگێڕیانە دژی من و تەعدا و سوکایەتی کردن بە خەڵکی چەمچەماڵ بهێنن کە هەر جارە و هێزێک بە هەمەر و باجەرەوە دەنێرنە ناو شاری چەمچەماڵ و سەر ماڵ و دوکانی خەڵکی مەدەنی و مامۆستا و نوسەر بەهۆی ڕەخنەیەکی ئاسایەوە، ئەگەرنا ئەنجامی باش نابێت و لێتان قەبوڵ ناکەین).
لاهور ئەوەندە بیر تەسک و جەبان بوو تەنانەت
ئەو نامەیەشی دابوو بە ئاسایش و دادگا، وتبوی: تەهدیدمی کردووە و دەیانەوێت بمکوژن.
بەو تۆمەتانە توانیان لە دادگا بە مادەی ئیرهاب تۆمەتبارم بکەن، کاتێکیش چوومە دادگا هەموو تۆمەتەکانیان پوچ و بێ بنەما دەرچوو و بە پاکی لێی دەرچووم.
لاهور و دارودەستەکەی زۆری تریان کردووە دژمان و ماویەتی…