وتار

ئەسڵی باسەکە چی بوو؟

کە هێرشە دوانزە ڕۆژییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران وەستا، دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی ئێران کەوتنە دەستگیرکردن و دۆزینەوەی بەشێک لەو سیخوڕ و گومانلێکراوانەی لە نێوخۆی ئێرانەوە دەستیان هەبووە لە هاوکاریی کردنی ئیسرائیل و گواستنەوەی درۆن و تەقەمەنی بۆ ناو ئێران.

ئێرانییەکان بە یەک دوو ساڵێک پێش هێرشی ئیسرائیل، سەرەداوی لاوەکی و کەم بایەخیان پێ گەیشتبوو کە ئیسرائیل دزەی کردووەتە ناو ئێرانەوە، بەڵام بۆیان ساغ نەدەبوویەوە و زانیاریی دەقیق و بەسوودیان لەبەر دەست نەبوو، بەڵکو تەنیا لەسەر بنەمای گومان و تەحلیلی کوێرانە، بە موشەک لە ماڵی شێخ باز و دواتریش ماڵی پێشڕەو دزیی و تەنانەت بارەگاکەی ئەژی ئەمینیشیان دا لە هەورازە نەفتە! ناوبەناویش وایان حیساب دەکرد لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە ئەو کەرەستانە دەگەن، بۆیە کارگۆی فڕۆکەخانەکەشیان بەر درۆن دەدا..

بە بۆچوونی ئەوان، ئەو کەسانەی سەرەوە، هاوکار و هاودەستی ئیسرائیل بوون. بەڵام دواتر بۆیان ڕوون بوویەوە کە هیچ یەک لەو بازرگانانەی موشەکباران کران، بەشێک نەبوون لە پرۆسە نهێنییەکەی ئیسرائیل! چونکە بە لێدانی ئەوانیش، دزەکردنی چەک و درۆن بۆ نێو ئێران نەوەستا و پەکی نەکەوت!

بگەڕێینەوە بۆ پێنج ساڵێک پێش ئەم ڕووداوانە! ماوەیەک بوو ئێرانییەکان بەدگومان ببوون لە لاهوری شێخ جەنگی، بە تایبەتی کە سایتی یاهو، بڵاوی کردەوە دژەتیرۆری یەکێتی (کە ئەو کات لای لاهور بوو!) دەستی هەبووە لە کوشتنی قا/سم سولە-یمانی. گەرچی ئەوان ڕەتیان دەکردەوە و بە چەندین شێواز هەوڵی خۆنزیککردنەوە و پاکانەیاندا بۆ ئێرانییەکان، لەوانە ڕادەستکردنەوەی موستەفا سەلیمی و گوشاری زۆر و هاودەنگ بوون لەگەڵ شیعەکان بۆ سەر پارتی و حکومەتی هەرێم و زۆر شتی تر، بەڵام ئەمە دەینی پاک نەکردنەوە و شەفاعەتی بۆ نەکردن. ئێران بڕیاری خۆی دابوو و پاشگەزبوونەوەی تیا نەبوو؛ دەرکردن و سڕینەوەی لاهوری شێخ جەنگی لە نێو یەکێتی!

٨ی تەموزی ٢٠٢١ ڕووداوێکی کتوپڕ و چاوەڕوان نەکراوبوو بۆ لاهور. تا ماوەیەکی زۆریش باوەڕی نەدەکرد و ئامادە نەبوو مۆری هاوسەرۆکیی یەکێتی ڕادەست بکاتەوە و ئاڵای سەوز لە پشت خۆی لادا، بەڵام دواتر کە جددیەتی بڕیارەکەی بۆ دەرکەوت، کۆڵیدا و حیزبی خۆی دروست کرد.

شەڕەکە ڕوویدا و ئیسرائیل ئێرانی ئاگرباران کرد. زیانی ئێران زۆر بوو، هەم ماددی و هەم مرۆیی و هەم سەربازی. لەگەرمەی شەڕەکەدا بوو، شەوێکیان لاهوری شێخ جەنگی لە ئەکاونتی خۆیەوە لە فەیسبووک، پۆستێکی کرد و خۆشحاڵیی خۆی نیشاندا. ئێرانییەکان پەیوەندییان پێوە کردبوو، لێی دەپرسن: خێرە؟ شتێک هەیە؟ ئەگەر تۆ شتێک دەزانیت با ئێمەش بیزانین؟! هەم پۆستەکە سڕایەوە و هەمیش ئەکاونتەکە نەما!

دوانزە ڕۆژ ئاگرباران و درۆن و کوشتار. شەڕەکە وەستا و ئێران کەوتە دەستگیرکردن و دۆزینەوەی سیخوڕ و هاودەستانی ئیسرائیل. پرسیارە گەورەکە هاتەوە پێشەوە، ئەم هەموو درۆن و تەقەمەنییە لە کوێوە هاتن؟!

ئەحمەدی حاجی ڕەشید، کەسی نزیک لە دەزگا هەواڵگری و پاسدارییەکانی ئێران و نزیک لە ناوەندی بڕیاری شیعە، وەڵامی ئەمەی بە زمانی کوردی دایەوە:

«دە هەزار درۆن لە ناو تاران دەستی بەسەردا گیراوە، نزیکترین وڵات لێوەی داخڵ کرابێت عێراقە، لە بەشە شیعییەکەیەوە بە تەئکید نەڕۆشتووە، چونکە ئەوان هاومەزهەبن، ئیحتیمالە بەهێزەکە ئەوەیە کە لە هەرێمەوە ڕۆشتبن!»

ئێران سەرەداوی تازەی دەستکەوت و دیسان لەحیمی کردەوە بە لاهوری شێخ جەنگییەوە. گوشاری تووندی بۆ یەکێتی هێنا «لاهور کۆتایی پێ بهێنە!». یەکێتی نەیدەویست بیکات، هێرش بۆ سەر یەکێتی دەستی پێ کرد، یەکەی حەفتا بە درۆن لێی درا. هێرش کرایە سەر گازی کۆرمۆر، جارێکی تر درۆن لە یەکەی حەفتای دایەوە. جموجوڵی بافڵ بۆ کەرکووک بەرتەسککرایەوە و وەک جاران ڕێگەیان پێ نەدەدا بە قافڵەوە داخڵی شار بێت. حەشد لێ تووڕەن و وەک جاران ئیستقبالی ناکەن و پەراوێزیان خست. نزیکی هەڵبژاردنە، یەکێتی لە لێواری کەوتن و داڕووخانە. بۆیە بە خێرایی ملی دا.. فەرموو چیتان بۆ بکەم؟ ئەوەی پێشتر داوامان کرد، لاهور کۆتایی پێ بهێنە! بەسەرچاو!

لالەزار سوتا و لاهور گیرا و ئەمما بەعد؟ ویستوویەتی بافڵ تیرۆر بکات! سەرجەمی ئەو تۆمەتانەی دەدرێنە پاڵی، درۆ و ناڕاستن. ئەسڵی باسەکە ئەوەیە کە وتم، ئێران پێی وایە لاهوری شێخ جەنگی دەستی هەبووە لە گواستنەوەی ئەو درۆن و تەقەمەنییانەی ئیسرائیل بۆ ناو ئێران. ئەدی ئەژی ئەمین؟ ئەو درۆنەکانی لە هەورازە نەفتە دروست کردووە.

کەناڵ هەشتی بافڵ، لەو شانۆگەرییەی ناوی نابوو دانپیادانان، گردۆڵکەیەکی پیشاندا و چەند سەربازێک تەدریب دەکەن، نووسیی: ئەمە کارگەی دروستکردنی درۆنەکەیە!

وەلحاڵ، ئەگەری موشەکبارانی هەورازە نەفتە لە لایەن ئێرانییەکانەوە، لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی شەڕی ئیسرائیل-ئێران، زۆر بەرزە.. حەقیقەتیش ئەوەیە و کەس بە تەما نەبووە بافڵ بکوژێ! ئەو نە بووەتە سەرکردە و نە تیۆریسێنێکی گەورەیە و نە ئەوەندەش کاریگەریی هەیە لە سەر ئاستی عێراق و کوردستان و تەنانەت سلێمانییش، تا مەترسی بێت لەسەر پڕۆژەیەکی گەورە…

دادگایی کردنی لاهوری شێخ جەنگییش بە تۆمەتی تیرۆرکردنی بافڵ، نە دەسلمێنرێ و نە بەڵگەیان پێ کۆ دەکرێتەوە و نە دەشتوانن بەو تۆمەتە بیهێڵنەوە، تەنیا ئەگەری هەیە بە تۆمەتی بەرەنگاربوونەوەی هێزە ئەمنییەکان و کوشتنی کارمەندەکانیان سزای زیندانیکردنی درێژی بۆ ببڕنەوە، بافڵ لە مێژبوو حەزی دەکرد و وتبووی: ئەچمە سەری و بە ئومێدم دەست بکاتەوە و شەڕ بکات، ئەو دەیزانی بەو تۆمەتەی بۆی دروست دەکات، ناتوانێت هیچی بەرامبەر بکات، بۆیە بە تەقەی لالەزار کەسیش نەکوژرایە، یەکێتی خۆی هەر دوو سێ کۆماندۆ و دژەتیرۆری ئەکوشت..

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button