
ئیسرائیل سوریایەکی بێ هێزو نامەرکەزی دەوێت
بەگوێرەی هەندێک لە شیکارییەکان، سوپای سوریا خۆی ئامادە دەکات بۆ کۆکردنەوەی نزیکەی 50 هەزار سەرباز لە نزیک ناوچەی پاڵمیرا لە پارێزگای حمس (ناوەندی سوریا)، ئەمەش وەک هەنگاوێکی سەرەتایی بۆ ئەگەری هێرشێکی لە ناکاو بۆ سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ڕەقە و دێرەزۆر. دیارە هەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بەرفراوان لەدژی هێزەکانی هێزە کوردییەکان بەندە بە وەرگرتنی رەزامەندی ئەمریکاوە، ئەمەش وادەکات هەر گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە نەخشەی کۆنتڕۆڵکردنی باکوور و ڕۆژهەڵاتی فوراتدا ڕاستەوخۆ وابەستەی هەڵوێستی ئەمریکا بێت. لەهەمان کاتدا، تەلئەبیب بە وردی چاودێری پێشهاتەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا و پارێزگای سویدە لە باشووری ئەو وڵاتە دەکات و هەوڵدەدات ڕێگری بکات لە کۆنترۆڵی تەواوی حکومەتی سوریا بەسەر ڕۆژهەڵاتی فوراتدا، لە ترسی ئەوەی نەوەک ئەمە ببێتە هۆی بەهێزبوونی دیمەشق و ئەنکەڕا لە ناوچەکەدا.
تورکیا خەریکە فشارەکانی بۆ سەر هێزەکانی سوریایی دیموکڕات توندتر دەکات، ئەمە رەنگە لە ڕێگەی هێرشی سنووردارو و پشتیوانی ناڕاستەوخۆ بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دیمەشق بێت. تا ئێستا واشنتۆن هەوڵدەدات یەکگرتوویی هێزەکانی سوریای دیموکرات وەک هاوبەشی مەیدانی لە شەڕی دژی داعش بپارێزێت، لەکاتێکدا ئیسرائیل سەرنجی لەسەر هێشتنەوەی سوریایە بە لاوازی و پارچەپارچەیی بۆ سنووردارکردنی توانای حکومەتی سوریا. هەرچەندە دیمەشق نایەوێت رووبەروویی شەرێکی راستەوخۆبێتەوە لەگەڵ هەسەدە، بەڵام وەک دیارە تورکیا گوشاری زۆر لە سوریا دەکات کە خۆیان بۆ ئەو جەنگە ئامادە بکەن. هەڵبەتە ئەوە لە کاتێکدایە کە نێوانی تورکیا و ئیسرائیل لەوپەری خراپیدایە، چونکە روانگەی هەردو وڵات بۆ سوریا تەواو پێچەوانەیە، تورکیا سوریاییەکی بەهێزو مەرکەزی دەوێت، ئیسرائیلیش سوریایەکی بێ هێزو نامەرکەزی دەوێت. لەم نێوەندەدا کاری ئەمریکا تا دێت زەحمەتر دەبێت بۆ دۆزینەوەی میکازمێک کە بتوانێت هەردوو هاوپەیمانەکانی لەو بەریەکەوتنە بپارێزێت.
د.زوبیر