عێراق ئەپڵیکەیشنی مۆلیدەی من کارا دەکات

لەدوای کاراکردنی ئەپڵیکەیشنی پڕۆژەی ڕووناکی لە هەرێـمی کوردستان، لە بەغدای پایتەختی عێراقیش موژدەی کاراکردنی ئەپڵیکەیشنی مۆلیدەی من ڕاگەیێنرا و بڕیارە بەمنزیکانە کارا بکرێت.
لەساڵی 2003 ـەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 120 ملیار دۆلار بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی کارەبای عێراق تەرخانکراوە، بەڵام دۆخی کارەباش لەو پەڕی خراپی دایە بەشێوەیەک لەهەندێک ناوچەی عێراق کەمتر لە شەش کاتژمێر کارەبای نیشتمانی بەهاووڵاتیان دەدرێت، بەشی زۆری زۆری کارەبا لە ڕێگەی مۆلیدە ئەهلییەکانەوە تەرخان دەکرێت.
یەحیا خەز عەلی، سەرۆکی لیژنەی نەوت و وزەی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا، ڕایگەیاند: ئەنجوومەن بڕیاریدا، کەرتی مۆلیدە ئەهلییەکانی بەغدای پایتەخت بکاتە ئەلیکترۆنی، ئەمەش لەڕێگەی دروستکردنی ئەپڵیکەیشنێکەوە بە ناوی (مۆلیدەی من ).
خەز عەلی، ئاماژەی بەوەشدا، لە ڕێگەی ئەم ئەپڵیکەیشنەوە، سەرجەم زانیارییەکانی تایبەت بە نرخی ئەمپێر و کاتژمێرەکانی کارکردنی مۆلیدەکانی تێدا دیاری دەکرێت، جگە لەوەی هەر لەڕێگەی ئەم ئەپەوە دەتوانرێت سکاڵا لە دژی خاوەن مۆلیدەکان تۆمار بکات.
بەپێی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا، ئەم پڕۆژەیە تا ساڵی 2030 بەردەوام دەبێت، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت دۆخی کارەبای عێراق بەمزووانە چارەسەر نابێت و هەر بەشێوەی ئێستا بەردەوام دەبێت.



