وتار

راستییەکان لای کێن

هەر كەسێك تەمەنی یاسایی تەواو كردبێت و ڕێنمایی و بڕیارەكانی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن مافی دەنگدانی پێ بدات، واتا ئەركی لەئەستۆدایە و لەبەرامبەردا مافیشی هەیە.

ئەرك و ماف دووانەیەكی لەیەكتر دانەبڕاون و یەكیان بەبێ ئەوەی دیكە نابێ بە بنەما بۆ ژیانی كۆمەڵگەیەكی دروست و خۆشگوزەران و پێشكەوتوو، بۆیە پێشكەوتووترین وڵاتانی جیهان، سیستەمی بەڕێوەبردن و دەسەڵاتەكانی حوكمڕانی لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی نوێنەرانی خەڵك بە دەنگە خەڵكەوە بنیات دەنێن.

هەرێمی كوردستان بەر لە عێراقی تازە، هەر لە ساڵی ١٩٩٢ پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەزموون كردووە، بۆیە دەكرێ بڵێین، ئێمە زیاتر لە ١٢ ساڵ لەپێش پرۆسەی دیموكراسی و هەڵبژاردنی عێراقداین، بەڵام ئەگەر بەراوردێك لەنێوان ئاوەدانی و ئەمنییەت و پێشكەوتن و خۆشگوزەرانیی خەڵكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دانیشتووانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقدا بكەین، زێدەڕۆیی نییە كە بڵێم زیاتر لە ٥٠ ساڵیش لەپێش ئەوانداین.

دەنگدان وەك چۆن ئەرك و مافە، پیرۆزییەكیشی تیایە، چونكە سەلماندنی ئامادەیی دەنگدرە لە پرۆسەی بەڕێوەبردنی وڵاتدا، سەلمێنەری ئەوەیە دەنگدەر هاووڵاتییەكی وشیار و بەئاگا و بەشدارە لە كۆی سیستەمی سیاسی و كۆمەڵایەتی و تەنانەت ئابوورییش، بەڵام گرنگە دەنگدەر بزانێت دەنگ بە كێ دەدات، دەنگ بە كام لیست و چ لایەنێك و چ بەرنامەیەك دەدات، چونكە ئەو ڕێڕەوە حوكمڕانییەی وەك ئاوی سازگار ڕوون و ئاشكرا دیارە، هەر ئەویش خەمخۆری راستەقینە و ئاییندەی وڵات دیاری دەكات.

پارتی دیموكراتی كوردستان،كە ئێستا بە لیستی ژمارە ٢٧٥ بەشداریی لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا دەكات، ڕێڕەوە راستەقینەكەیە و ڕاستییەكانیش هەر لای ئەون.

دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان لە زاخۆوە تا دەگاتە هەورامان و گەرمیان بەرچاویان ڕوونە، چونكە ڕابردوویان لەبیرە و ئێستایان لەبەرچاوە و دەشزانن ئاییندە لە كوێیە و بە كوێ دەگات. هەمووان حوكمڕانیی پارتی دیموكراتی كوردستانیان بینیوە و دەبینن، ئەمنیەت و سەقامگیری و ئاوەدانی و پێشكەوتن لەو شوێنانەی پارتی تیایدا باڵادەستە، پێویستی بە بەڵگەهێنانەوە نییە و بەری خۆریش بە بێژینگ نەگیراوە، بۆیە ئەركی دەنگدەرانی سەرجەم بازنەكانی هەرێمی كوردستانە، دەنگ بە لیستی ٢٧٥ی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەربژێرەكانی بدەن، هەر ئەو دەنگدەرە بەڕێزانە مافیشیان لەسەر پارتی دیموكراتی كوردستانە كە زیاتر و باشتر و خێراتر خزمەتیان بكات و كاروانی ئاوەدانی و هێزی سەقامگیری و بازووی بنیاتنان بگەیەنێتە دوورەدەستترین گوندی سەرسنوورەكان و سەنتەری شار و قەزا و ناحییەكان، لای هەمووانیش زانراو و ئاشكرایە، پارتی بە خۆنەچەماندن و خۆڕاگری ناسراوە و لەم پێناوەشدا قوربانیی زۆری داوە و بەردەوامیش دەبێت لەسەر كاروانە كوردایەتی و كوردستانییەكەی.

عارف روشدی

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button