تاوتوێی بژاردەکانی هێرشکردنە سەر ئێران دەکرێت

ئەمریکا هێزێکی زۆری ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە و نیازی ئەوەی هەیە کەشتی جەنگی زیاتر لە کەنارئاوەکانی ئێران نزیک بکاتەوە، لەم ساتەشدا پێنتاگۆن و کۆشکی سپی تاوتوێی ئەگەرەکانی هێرشکردنە سەر ئێران دەکەن و دەیانەوێت لە هەموو ڕوویەکەوە ئامادەبن.
ڕۆژنامەی ‘واڵ ستریت جۆرناڵ’ ئاماژە بەوە دەدات کە سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا دەتوانێت بە هێرشی ئاسمانی ڕووبەڕووی ئێران ببێتەوە، بەڵام پێنتاگۆن ئەوە بە خاڵی یەکلاکەرەوە نابینێت و پێیوایە دەبێت لە ڕووی زەمینی سوپای ئەمریکا ئامادەبێت، لە حاڵەتێکدا ئەگەر ئەمریکا بڕیاری هێرشکردن بدات.
وەزیری بەرگری ئەمریکا، مارکۆ ڕوبیۆ، دەڵێت: “سەرەڕای ئەوەی ئێران لە دۆخێکی دارایی سەختدایە، بەڵام خاوەنی کۆمەڵێک مووشەکی بەهێزە و دەتوانێت زیانێکی زۆر بە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگەیەنێت.”
مارکۆ ڕوبیۆ وتیشی: “وڵاتەکەی 30 بۆ 40 هەزار سەربازی لە 9 بنکەی سەربازیی جیاواز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر کردووە، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو.
عەلی شەمخانی، ڕاوێژکاری باڵای ڕێبەری ئێران، دەڵێت: “هەر هێرشێکی ئەمریکا لە هەر ئاستێکدا بێت، بە دەسپێکی جەنگێکی گشتگیر دادەنرێت و وەڵامی ئێران خێرا و بێوێنە دەبێت.”
شەمخانی دەشڵێت: “تەنیا هێرشکارەکە ناکەینە ئامانج، بەڵکو چەقی شاری تەلئەڤیڤ و هەموو ئەو لایەنانەش کە هاوکاریی دەستدرێژیکار دەکەن، دەبنە ئامانجی موشەکەکانمان.”
بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنامە ئەمریکییەکە، کۆشکی سپی و پێنتاگۆن تاوتوێی سەرجەم سینیاریۆکان دەکەن، زانیارییەکان دەخەنە پێش سەرۆکی ئەمریکا بۆ بڕیاردان، لە بارەی هێرشکردنە سەر ئێران.
دۆناڵد ترەمپ. چەندین جار بە ئێرانی ڕاگەیاندووە، بە مەرجەکانی ڕازی بێت و دەست لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی و پیتاندنی ئەتۆم هەڵبگرێت، بەڵام ئێران بە مەرجەکان ئەمریکا ڕازی نییە.



