
ئەمڕۆ یەکشەممە 2/1، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێوڕەسمێکی تایبەت لە ساڵیادی شەهیدانی یەکی شوبات، لە پارکی شەهید سامی عەبدولرەحمان لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو.
لە بیست و دووەمین ساڵیادی کارەساتی یەکی شوبات، بە ئامادەبوونی بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدانی تەقینەوە تیرۆریستییەکەی یەکی شوبات و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و کونسوڵ و دیپلۆماتی وڵاتان، سەرۆکی حکومەت تاجەگوڵینەی لەبەردەم مۆنیۆمێنتی شەهیدانی یەکی شوبات دانا.
ڕۆژی یەکی شوباتی ساڵی 2004، کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان، لە هەردوو بارەگای لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەڵبەندی سێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری هەولێر، لە ئەنجامی دوو تەقینەوەی تیرۆریستیدا، زیاتر لە سەد کەس شەهید بوون و سەدان کەسی دیکەش برینداربوون.
دوای رێوڕەسمەکەش، سەرۆکی حکومەت لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند: ”هیوادارین ئەم نەهامەتییانە چیتر بەسەر میللەتی كورددا نەیەت. ئەمڕۆ ساڵڕۆژی شەهیدبوونی كۆمەڵێك سەركردە و خەڵكی كوردستانە كە بەداخەوە لە كردەوەیەكی تیرۆریستیدا شەهید بوون. ئەمڕۆ یادكردنەوەی ئەم شەهیدانە و هەموو شەهیدانی رێگەی ڕزگاریخوازی كوردستانە، دەبێ ئەو پەیامەمان پێ بدات كە دەبێ ئێمە یەكگرتوو و خاوەن هەڵوێست بین و لەسەر مافە ڕەواكانی گەلەكەمان بەردەوام بین و ڕێگەی ئەو شەهیدانە بەرنەدەین تا دەگەین بە ئامانجی كۆتایی گەلەكەمان.“
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە رۆڵی سەرۆك بارزانی لە ڕێككەوتنەكەی نێوان حكوومەتی سووریا و هەسەدە كرد و گوتی: ”خۆتان دەزانن جەنابی سەرۆك بارزانی رۆڵی سەرەكی بینیوە لە گەیشتنی لایەنەكان بە یەك بۆ ئەوەی گرژییەكان بوەستن و ئاگربەست دەست پێبكات و بەردەوام بێت و ئیتر بگەن بە ئەنجامێك. بیستمان ئێستا رێككەوتنێكی سەرەتایی بووە لە نێوان دیمەشق و هەسەدە، هیوادارین ئەو رێككەوتنە فراوان بكرێ و ئاشتی و سەقامگیری بگەڕێتەوە بۆ سووریا و بە تایبەتی ناوچە كوردستانییەكان.“
گوتیشی ؛ ”دڵخۆشین بەوەی شەڕ بوەستێت، مافەكانی خەڵكی هەموو سووریا، بە تایبەتی كوردەكان بە شێوەیەكی یاسایی و لە دەستووردا جێگیر بكرێ، ئاشتی بەرقەرار بێت، ئەمە لە بەرژەوەندیی هەموو لایەكە.“
سەبارەت بە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقیش، ئەوەی خستە ڕوو كە تا ئێستا هیچ ڕێككەوتنێك لەسەر ئەو پۆستە نەكراوە، چاوەڕێین بزانین ئەو شاندانەی كە دێن و دیدار لەگەڵ جەنابی سەرۆك بارزانی دەكەن و لەگەڵ سەركردایەتیی پارتیش، ئێمە ئەو وەختە بەپێی پێداویستییەكان و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان چ بە بەرژەوەندی بێت، ئەوە بڕیاری لێ دەدەین.
سەرۆكی حكومەت هەروەها جەختی کردەوە: ”هەر دوای هەڵبژاردنی كوردستان كە ساڵێك زیاتری بەسەردا تێپەڕیوە، گوتمان پێویستە ڕێز لە دەنگی خەڵكی كوردستان و ڕێز لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بگیرێت، ئێمە لەسەر ئەو ڕایەی خۆمان بەردەوامین و ئەمە بیروبۆچوونی پارتییە كە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن دەبنە بنەمای دروستكردنی كابینەی حكوومەت. سەبارەت بە بەغداش تا ئێستا هیچ ڕێككەوتنێك نەكراوە، گفتوگۆكان بەردەوامن بزانین بە چی دەگات.“
لەبارەی ئەو پرسیارەی كە ئەگەر پارتی و یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار رێك نەكەون، كاریگەریی لەسەر پێكهێنانی كابینەی دەیەم نابێت؟ سەرۆکی حکومەت گوتی: ”دوو پرسی جیاوازن، هەڵبژاردنی كوردستان لێرە كراوە و هەڵبژاردنێكی تریش لەسەر ئاستی عێراق كراوە، دوو پرسی جیاوازن و پێموانییە ئەمانە تێكەڵ بكرێن هیچ لە شتەكان بگۆڕێن، بۆیە ئێمە وەك دوو پرسیار جیاواز تەماشای هەردوولا دەكەین.“








