ناوەڕۆکی پەیوەندیە تەلەفۆنیەکەی نێوان سەرۆک بارزانی و تۆم باراک

بەڕێز تۆم باراک بە ناوی خۆی و سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە سوپاس و پێزانینی تایبەتی ئاڕاستەی سەرۆک بارزانی کرد بۆ ئەو رۆڵ و هەڵوێستە بەرچاوانەی لە هێنانەدی ئاگربەست و پشتیوانی دیالۆگ لە نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکراتدا خستویانەتەڕوو.
رۆڵی سەرۆک بارزانی لە هێنانەدی رێککەوتنی ئەمڕۆی نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات بەرز نرخاند.
سەرۆک بارزانی وێڕای سوپاس و پێزانینی تایبەتیی خۆی بۆ بەڕێز سەرۆکی ئەمریکا و هەموو ئەو کەس و لایەنانەی کە رۆڵیان هەبووە لەوەی لە ڕێگەی دیالۆگەوە کێشەکان چارەسەر بکرێن، پشتیوانیی خۆیشی بۆ رێککەوتنی ئەمڕۆ هەینی 30ی کانوونی دووەمی 2026 دەربڕی، ئەویش لەپێناو چەسپاندنی ئاشتی.
سەرۆک بارزانی سوپاس و پێزانینی بۆ بەڕێز تۆم باراک هەبوو بۆ ئەو ڕۆڵە کاریگەرەی کە بۆ گەیشتن بە رێکەوتن و ئاشتی لە ناوچەکە بە گشتی و سووریا بە تایبەتی هەیەتی.
پەیوەست بە بارودۆخی عێراق بەڕێز تۆم باراک داوای لە سەرۆک بارزانی کرد کە لە دۆخی سیاسی ئێستای عێراقدا رۆڵی گرنگ و بەرچاوی خۆی بگێڕێت. هەروەها سەرۆک بارزانی جەختی کردەوە کە مەرجی سەرەکیی سەقامگیری و چارەسەری کێشەکان، جێبەجێکردنی دەستور و پابەندبوونە بەوەی پێکهاتەکانی عێراق خۆیان بڕیار لە چارەنوسی عێراق بدەن و سەروەری عێراق بپارێزن.



