کاک قوباد ڕاست دەکەیت، هەر زۆر زۆر راست دەكەیت! ئەوە 30 ساڵە سلێمانی لە دەستێکی ئەمینی وەکوو ئێوەماناندایە! بۆیە خەریككردنی خەڵك بە بانگەشەی درۆ و بێبنەماوە بووەتە قەدەری سلێمانی، کاڵفام بووەتە حاکمی سلێمانی، بازرگانی دەستبڕ بووەتە سیاسەتمەداری دەمڕاستی سلێمانی، سەربڕ بووەتە خاوەنی زەوییەكانی سلێمانی، چەقۆکێش بووەتە نوێنەری سلێمانی، قاچاخچی بووەتە پارێزەری ئەمنییەتی سلێمانی، مافیا بووەتە یاسادانەری سلێمانی، دۆزەخ بووەتە ژیانی خەڵكی سلێمانی، چەتە بووەتە لەشکری سلێمانی، خاکفرۆش بووەتە پاڵەوانی سلێمانی، لە كاتێكدا سلێمانی شاری خەڵكی دڵسۆز و نیشتمانپەوروەر و رۆشنبیرە، نەك شاری ئەم میكرۆبانە.
کاک قوباد ھاوڕاتم، کە سلێمانی لە دەستێکی ئەمینی وەکوو ئێوەماناندایە! لەسایەی ئەو دەستە ئەمینەدا، تاوانبار شەڕ بە سلێمانی دەکات بۆ شەرعییەتدان بە تاوانی خۆی، دەرکراو بۆ گەڕانەوەی پێگەی خۆی شەڕ بە سلێمانی دەکات، بازرگانیش بۆ زیاتر قازانجی خۆی شەڕ بە سلێمانی دەکات، قەرزاریش بۆ نەدانی قەرزی خۆی شەڕ بە سلێمانی دەکات، حزبی شکستخواردووش بۆ پەردەپۆشکردنی شکستی خۆی شەڕ بە سلێمانی دەکات، سیاسی دۆڕاویش شەڕ بە سلێمانی دەکات، ئیسلامیی سیاسییش بۆ گرتنەوەی دەسەڵات شەڕ بە سلێمانی دەکات، قاچاخچیش بۆ زامنکردنی قاچاخچیەتیی خۆی شەڕ بە سلێمانی دەکات، مافیا و لەیاسا دەرچووش شەڕ بە سلێمانی دەکات، چەتە و بێگانەش بۆ بێگانەکردنی سلێمانی شەڕ بە سلێمانی دەکەن، بندیواری مووچەبڕاویش بۆ مووچەی ناشەرعیی خۆی شەڕ بە سلێمانی دەکەن، هەموو ئەمانە هەن و خەڵكی سلێمانییش وەك بارمتە كەوتوونەتە بن دەستی ئێوە.
کاک قوباد ڕاست دەکەیت! سلێمانی لە دەستێکی ئەمیندایە، کە ئەو دەستە ئەمینەیە داهاتی سلێمانی دەدزێت و ئەو شارە جوانە خۆشەویست و ئازیزە، لەناو زبڵ و خاشاک نوقم دەكات. ڕاست دەکەیت بە کردار سەلماندووتانە کە سلێمانی لە دەستێکی ئەمیندایە! ئاخر بەھۆی ڕکابەریی باڵباڵێنەی ئێوە ھەموو ڕۆژ لەناو سەنتەری سلێمانی خەڵک بە گوللەی کلاشینکۆف بەخەبەر دێن، کە شارتان کردووەتە جەنگەڵستان. ڕاست دەکەیت سلێمانی لە دەستێکی زۆر ئەمیندایە! کاتێ لەناو سەنتەری سلێمانی، نەک ھەر رکابەر و خەڵکی دیكە، بەڵکوو لایەنگر و سەرکردەی خۆشتان تیرۆر کردووە، چونکە لەبن باڵێکی دیكەدا بووە.
کاک قوباد سلێمانی لە دەستێکی ئەمینی وەکوو ئێوەماناندایە، کە ھەمیشە دونگی ماوەبەسەرچووی بۆ دەھێنن. سلێمانی لە دەستێکی ئەمینی وەکوو ئێوەماناندایە، کە منداڵەکانیان لە باوەشیدا تیرۆر دەکەن. ماڵەکانی سلێمانی لە ئەمینیدان کە بە دەستی ئێوە ڕۆژنامەنووس لە بەردەرگای ماڵەکەی خۆی بەر گوللە دەدرێ. داھاتی سلێمانی لە دەستێکی ئەمیندایە، کە داھاتی سلێمانییتان بۆ كڕینی دەنگ بۆ سەركۆماری لێخراو بەکار دەھێنا، بۆ ئەوەی بڵێن لە پارتیمان بردەوە! ڕاست دەکەیت چەندین مانگە سلێمانی لە دەستێکی ئەمیندایە، کە بەھۆی ڕکابەری و ڕق و کینەی ئێوەمانان، دەستتان بەسەر داھاتدا گرتبوو، بۆ ئەوەی حکوومەت لە کاتی خۆیدا مووچەی ئەوانی پێ نەدرێت. ئەوەی ڕاستی بێت، دەستی پیسی تاوانبار زۆر لە دەستە ئەمینەکەی ئێوە پاکترە!
هۆگر نێروەیی