گرنگوتار

پارە لە ژێرزەمیندایە یا لەسەر ماڵپەڕ؟

پێرێ قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و جێگری سەرۆک وەزیرانی کوردستان، لە ڤیدیۆیەکی چەند خولەکیدا، بانگەشەی بۆ دروستکردنی ماڵپەڕێک کرد لە سنووری سلێمانی و ڕایگەیاند: ”سلێمانی لە دەستێکی ئەمیندایە و بەشێکی زۆری میدیاکار و پەرلەمانتار و خەڵکی دیکە قسەی نەشیاو و سووکایەتی بەرامبەر سلێمانی دەکەن!“ بەڵام هەقە هەموومان لە جەنابی جێگری سەرۆک وەزیران بپرسین، بەڕاست ئەوانەی کە تۆ ناویان دێنیت و گوایە سووکایەتییان بە شاری سلێمانی کردووە وایە؟

بەڕاست ئەو خەڵکانە ڕەخنەیان گرتووە، یاخود سەرنجیان لەسەر ژیانی خەڵک و مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینە ڕۆح دەرچووەکانی بەردەم بانکەکان لە شاری سلێمانی هەبووە؟ یاخود خوانەخواستە سووکایەتییان بە مێژووی شار و بە کولتوور و ڕۆشنبیرییەکەی کردووە؟ بێ شک هەموو ڕەخنەی میدیاکار و نووسەر و پەرلەمانتار و خەڵکی سڤیلیش بۆ چاککردنی ئەو دۆخە خراپە بووە، کە حزبی حوکمڕانی شار لێی بەرپرسە.

ڕاستییەكەی، ئەم هەوڵەی تاڵەبانی جۆرێکە لە هێنانەوەی پاکانەکاری بۆ ئەو بێنەوبەردەیەی ساڵانێکە بە داهات و قووتی خەڵکی ئەو شارەی دەکەن، لە کاتێکدا سیمای شارە حەیاتەکەی جارانیان بە جۆرێک دوا خست، مرۆڤ وەختە بڵێ سلێمانی هێشتا لە مێژووی پێشتردا جوانتر و ڕازاوەترە تا ئێستای. بێ شک دانیشتوانی ئەم شارە و سنوورەکەی، زۆر لەوە چاوکراوەترن تا بڕوا بەوە بێنن، کە داهاتی شار بخرێتە سەر ماڵپەڕ!

ئەم دەرکەوتنەی جێگری سەرۆک وەزیران هێندە حزبی و بچووککراوە بوو، بە هەموومانی گوت من هێشتا سەرۆکی حکوومەتی زۆنی سەوزم! لە کاتێکدا سەرۆکی یەکێتی باسی لەوە دەکرد، ئەوان دژی دووئیدارەیی و لێکترازان و زۆن زۆنێنن، ئەم دوورەپەرێزی و بایکۆتە بێپاساوەی قوباد تاڵەبانی و بەردەوامبوونی فاکتۆرێکی بەهێزی زیاتری لێکترازان دەبێت، نەک پێکەوەیی و کارکردنی بە تیم و بێجیاوازی، دەی ئەمەش دەردە ماڵوێرانیی کوردە کە سەدان ساڵە پێوەی دەناڵێنێ.

چەند ساڵێک پێش ئێستا هەموومان شاهێدی ئەوە بووین (مەلا بەختیار) یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی یەکێتی باسی لەوە کرد کە بەرپرسانی شار پارە و داهاتەکانی شاریان ئاخنیوەتە ژێرزەمینەکان و لەبری خزمەتکردن شار و خەڵکەکەی خەریکی سپیکردنەوەی ئەو پارانە و ناردنە دەرەوەین بۆ وڵاتانی جیهان، کەچی دوای ئەو هەموو ساڵە و ئەو تاڵانی و بێنەوبەردەیەی بە داهاتی سنووری سلێمانی دەکرێت، تازە بەتازە کاک قوباد پێمان دەڵێ داهاتەکانی شار دەخەینە سەر ماڵپەڕ، بۆ ئەوەی هەموان بیبینن و بیزانن!

ڕاستیی ڕووداوەکانی ڕابردوو لە ڕووی ئیدارەدان و دارایی و سیاسی و ئەمنییەوە پێی گوتین، نە شار لە دەستێکی ئەمیندایە و نە عەقڵی ئیدارەدان و دەوڵەتدارییش لێرە زاڵ و حاکمە، ئەگەرنا هەر لەسەر ئەو توراس و کولتوور و مێژووە جوانەی سنووری پارێزگای سلێمانی، دەتوانرا شارێک بنیات بنرێت، ببوایەتە جێگە سەرنجی هەموو ناوچەکە، چونکە سروشت و هەڵکەوتە و مێژوو و کەلەپووری شار هێندە دەوڵەمەندن، ئەتوانم بڵێم کەموێنە و ناوازەیە، بۆیە وا باشترە کاک قوباد پارەی ژێرزەمینەکان دەربێنێتەوە، بۆ بنیاتنانەوەی شار، نەک ژمارەمان بۆ بخاتە سەر ماڵپەڕ.

رێبین رەحیم

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button