وتار

با من پێتان بڵێم (محكمة الثورة) چییە

”…ھەركات كەشێكی ئیجابی لەنێوان هەرێم و بەغدا دروست بووبێت و دەرفەتێك بۆ چارەسەری گرفتەكان هاتبێتە ئارا، دەستبەجێ دادگەی فیدڕاڵی كاری بۆ تێكدانی ئەو دەرفەتە كردووە و بە بڕیارێكی دوژمنكارانە دەرفەتەكەی لەبار بردووە و بووەتە هۆی ئاڵۆزتربوونی كێشەكان. دیارە ئەجیندایەكی گوماناوی جێبەجێ دەكات و جێگەی دادگەی شۆڕش (محكمة الثورة)ی ڕژێمی پێشووی گرتووەتەوە…“

ئەوەی پێشەوە بەشێكە لە پەیامی سەرۆك بارزانی دوای بڕیارە نادەستوورییەكەی دادگەی فیدراڵی بەڵام دادگە نادەستووریەكەی عێراق… زۆر باشە دەبا بزانین ئەو (محكمة الثورة)یەی ڕژێمی پێشوو كە سەرۆك بارزانی ناوی هێناوە، چی بوو و كاری چی بوو؟ چونكە هەست دەكەم بەشێكی زۆر لە نەوەی ئێستا، نازانن مەحكمەی سەورەی رژێمی بەعس چی بوو؟ بۆچی سەرۆك بارزانی ئەم دادگەی فیدرڵییەی ئێستای عێراق، بەو مەحكەمەیە دەشوبهێنێت؟

خۆی كە دەگوترێت (محكمة الثورة) یان دادگەی شۆڕش، ھەر ناوھێنانی وشەی شۆڕش خۆی لە خۆیدا ئەوە بە مانای ئەوەیە لای ئەم دادگە فیدراڵییەی عێراق، ھێشتا دنیا دنیای شۆڕشەكەی بەعسە نەك دەوڵەتێكی دیموكراتیی فیدراڵی و فرەیی، جا مەحكەمەی سەورەی سەردەمی ڕژێمی پێشووی بەعس، ئەو دادگە بەدناوە بوو كە دوای كودەتاكەی ڕژێمی بەعس لە تەمووزی ساڵی 1968 بەعسیەكان دروستیان كرد و لەجیاتی ئەوەی دادگە ئاسایی و مەدەنیەكان بە كاری یاسایی خۆیان ھەڵسن، بەعس ھات و ئەم دادگەیەی بۆ سەركوتكردن و لەناوبردنی نەیارانی سیاسیی خۆی دانا، سەرۆكەكانی ئەم دادگەیە لە قۆناغی جیاجیادا بریتی بوون لە: (عێزەت مستەفا، فلەیح حەسەن ئەلجاسم، تەھا یاسین ڕەمەزان و ئنجا ھەرە بەدناوەكەیان بریتی بوو لە عەواد حەمەد ئەلبەندەر.)

ئەم مەحكەمەی سەورەیەی بەعس، بۆ سەركوتكردن و نەھێشتنی نەیارانی سیاسیی خۆیان گەیاندیە رادەیەك كە لە 1-1-1990 سەدام حسێن كە ھەر خۆیشی سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی شۆڕش بوو، بە تەشریعی ژمارە 150 دەسەڵاتەكانی دادگەی شۆڕش واتە (محكمة الثورة)ی دیاری كرد و لە بڕگەی 1ی مادەی یەكی ئەو تەشریعەی سەدام حسێندا ھاتبوو كە: ھەموو تاوانەكانی تایبەت بە ئاساییشی ناوخۆ و دەرەوەی عێراق كە لە مادەكانی 156 ھەتا 222ی ناو یاسای سزاكانی عێراقدا دیاری كراون، لەدەست دادگا ئاسایی و مەدەنیەكان دەردەھێنرێن و ئیتر دادگەی شۆڕش بڕیار لەو كەیسانە دەدات!

تەبعەن لە ژێریشەوە ھەر سەدام حسێن خۆی فەرمانی بۆ سزادانی ئەو نەیارانەی بەعس دیاری دەكرد و دەینارد بۆ ئەو مەحكەمەی سەورەیە بۆ ئەوەی شەرعییەتی یاسایی پێبدەن! بەدناوی و گاڵتەجاڕیی ئەو مەحكەمەی سەورەیە گەییشتبووە ڕادەیەك كە جارێكیان بەم شێوەیە حوكمی ناوەكانی ناو لێستێكی ئەو كەسانەی دابوو كە لە نەیارانی سیاسیی بەعس بوون و بەردەستی ئەو دادگەیە كەوتبوون، سەرۆكی مەحكەمەی سەورە لە خوێندنەوەی حوكمەكەیدا گوتبووی:

1- لە ژمارە 1ی ناوی لیستەكە كە بە فڵان دەست پێدەكات ھەتا ژمارە 30 كە ناوی فڵانە! بڕیارمان دا ئەوانە لەسێدارە بدرێن، لە ژمارە 30 بەدواوە كە بە ناوی فڵان دەست پێدەكات، ھەتا ژمارە 50 كە ناوی فڵانە! بڕیارمان دا بە بەندكردنی تاھەتایی بۆیان، لە ژمارە 50 بەدواوە كە بە ناوی فڵان دەست پێدەكات ھەتا ژمارە 60 كە ناوی فڵانە! بڕیارمان دا بە بەندكردنی ئەوان بۆ ماوەی 15 ساڵ!

2- جارێكیشیان ھەندێك نەیاری سیاسیی بەعس پێش دادگاییكردنیان لە لایەن ئەشكەنجەدەرانی ئەو دادگە بەدناوە گاڵتەجاڕەوە، لەژێر ئەشكەنجەدا گیانیان لەدەست دابوو، كەچی دواتر ئەو دادگەیە حوكمی لەسێدارەدانی بۆ دەركردبوون! دواتر كە بە سەرۆكی ئەو دادگەیەیان گوتبوو: ”ئاخر خۆ ئەوانە لەژێر ئەشكەنجەدا گیانیان لەدەست داوە، ئیتر لەسێدارەدانی چی و چۆن خەڵك بە مردوویی لەسێدارە دەدرێت؟“ سەرۆكی ئەو دادگەیەش گوتبووی: ”ئەی باشە نابێت پاساوێكی یاسایی و بڕیارێكی دادگە ھەبێت بۆ ئەوەی شەرعییەت بە مردنەكەیان بدەین؟”

جا ئێستاش ئەم دادگە فیدراڵییە بەڵام نادەستوورییەی عێراق، لە بەرامبەر كورد و كوردستاندا جێگەی ئەو دادگە بەدناوەی بەعسی سەدامیی گرتووەتەوە و بەتەواوی نغرۆی ناو ناكۆكییە سیاسییەكانی عێراق بووە و ھەر زۆر بەئاشكراش سەنگەریان لە دژی مافە دەستوورییەكانی ھەرێمی كوردستان و كورد كوردستان گرتووە، بەڵام ئەوەی جارێ بەتەواوی ڕوون نیە ئەوەیە كە نازانرێت ئایا ئێستا بەڕاستی كێ عەواد بەندەری ئەم سەردەمەی دادگەكەیە و ئەی كێ سەدام حسێنی سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی شۆڕشی بەعسی ئەم سەردەمەیە؟ ئایا ئەم عەواد بەندەرو ئەم سەدام حسێنە نوێیانە لەناو عێراقدان یان لەدەرەوەی عێراقن؟

ئایا ھەروەك چۆن زۆر بڕیاری دیكە لەدەرەوە وەردەگرن و لەناو ئەو دادگەیە دەیانەوێت شەرعییەتی پێبدەن، ئایا ئەم بڕیارەشیان ھەروەك چەندین بڕیاری پێشووتریان ھەر لە دەرەوە وەرگرتووە و ئەمانیش ئەوەیان لەسەرە عەواد بەندەرییانە جێبەجێی بكەن؟ لە ھەموو حاڵەتێكدا حەق وایە ئەوانەی لەپشت دەركردنی ئەم بڕیارانەوەن چارەنووسی عەواد ئەلبەندەر و سەدام حسێنیان لەبەرچاو بێت، حەق وایە بڕۆن ورد سەیری مێژوو بكەن و بزانن ئەوانەی غەدریان لە كورد كردووە چارەنووسیان چۆن بووە و بە كوێ گەییشتن!

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button