وتار

بوومەلەرزەكەی چیلی یان توركیا؟

بە درێژایی دوو سەدە، هیچ بوومەلەرزەیەك ئەوەندەی بوومەلەرزەكەی 1960ی وڵاتی (چیلی یان شیللی) بەهێز نەبووە، كە بە 9.5 پلەی ڕێختەر ئەو وڵاتەی هەژاند، بەڵام ئەو بوومەلەرزەیە بووە وانەیەك بۆ چیلی، تا بە بەرنامەیەكی تۆكمەی زانستی رووبەڕووی بوومەلەرزە ببێتەوە. چیلی گەیشتە ئەو بڕوایەی، ئیدی بوومەلەرزە بووەتە بەشێك لە ژیانی مرۆڤایەتی، لە بری ئەوەی لێی راكەیت، پێویستە رووبەڕووی ببیتەوە.

ژاپۆن، لەسەر هێڵی بوومەلەرزەیە، كالیفۆرنیا و چیلیش بە هەمان شێوە، بەڵام چیلی لە ژاپۆن زیاتر توانیویەتی بە شێوەیەكی زانستی رووبەڕووی بوومەلەرزە ببێتەوە، ئەویش بە ئەنجامدانی ژێرخانێكی گەورە و رێگەی زانستی، كە لەو وڵاتە كردوویانە بە كولتوور.

رۆژنامەنووسێكی تورك سەردانی چیلی كردووە، لەوێ بە چاوی خۆی بینیویەتی، كە چۆن ئەو وڵاتە هەموو كاتێك ئامادەیە رووبەڕووی بوومەلەرزە ببێتەوە، تەنانەت ئەگەر بە 9.5 پلەی رێختەریش بێت، بەبێ ئەوەی زیانی گیانیشیان هەبێت.

لە یەكێك لە دامەزراوەكانی چیلیدا نووسراوە (ئەگەر بوومەلەرزە رووی دا، مەڕۆ دەرەوە و لەناو باڵەخانەكاندا بمێنەوە، چونكە ئێمە باڵەخانەكانمان وا دروست كردووە، كە لە كاتی بوومەلەرزەدا سەلامەتترین شوێن بن).

بوومەلەرزە ئەگەرچی كارەساتێكی سرووشتیی زۆر گەورەیە، بەڵام ئەگەر عەقڵ هەبوو، دەتوانرێت رووبەڕووی ببیتەوە، چیلیش یەكێكە لەو نموونانەی، كە دەكرێت هەموو ئەو وڵاتانەی مەترسیی بوومەلەرزەیان لەسەرە، سوود لە ئەزموونی چیلی وەربگرن.

ژێرخان بۆ هەموو وڵاتێك گرنگە، بەڵام ئەوەی لە ژێرخان گرنگترە، ئەو كولتوورەیە، كە ئەگەر بوومەلەرزە رووی دا چی بكرێت باشە و چۆن خۆت بپارێزیت؟ لە چیلیدا لە قۆناغی خوێندنی سەرەتاییەوە باس لە چۆنیەتیی خۆپاراستن لە بوومەلەرزە دەكرێت و لە قۆناغی ناوەندییش وانەی جیۆلۆجی دەخوێنرێت، بەڵام لە توركیا لە دواناوەندیدا وانەی جیۆلۆجی هەڵگیرا.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە ئاژانسی (BBC)ی بەشی توركی وەرم گرتووە، نیوەی باڵەخانەكانی توركیا مەترسیی ئەوەیان لەسەرە، لە كاتی بوومەلەرزە بە تەواوی بڕووخێن، هەروەها لە ئێستای توركیادا 13 ملیۆن باڵەخانە مەترسیی ئەوەیان لەسەرە، ئەگەر بوومەلەرزەیەك بە 7 پلەی رێختەر یان زیاتر لەو وڵاتە بدات، ئەو باڵەخانانە دەڕووخێن. 

زۆر كەس پێیانوایە ناكرێت تەنیا حكوومەتی ئاكەپە تۆمەتبار بكرێت بەوەی، ژێرخانی ئەو باڵەخانانەی توركیا بەهۆی ئەوانەوە خراپە، ئاخر بەر لە ئاكەپەش، گەورەترین كێشەی توركیا خراپیی ژێرخان بووە، بۆیە كاتێك لە 1999 بوومەلەرزە لە مەڕمەڕای دا، هەزاران كەس گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە دوو هەزار باڵەخانەش رووخا، كەواتە ئەوانەی دەڵێن كێشەی ژێرخان هەموو حكوومەتەكانی توركیا لێی بەرپرسیارن، بەئاكەپەشەوە، ناهەق نین.

لە ژاپۆن باڵەخانە دروست دەكرێت، بە جۆرێك ژێرخانی باڵەخانەكان ئامادە دەكەن، كاتێك بوومەلەرزە روو دەدات، لەگەڵ جووڵانی زەوی، باڵەخانەكەش دەجووڵێتەوە، واتە تەنیا دەجووڵێتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێكی گیانی و مادیی هەبێت، لەو جۆرە باڵەخانانە تەنیا هەشت هەزاری هەیە و بەنیازن و بەرنامەیان هەیە، لەو جۆرە باڵەخانانە زیاد بكەن، چونكە وەكوو ئەوەی پلانیان بۆی داناوە، تا 2030، چەندین بوومەلەرزە لە ژاپۆن دەدات و پێشبینیی دەكەن زیاتر لە 20 هەزار كەس بكوژێت، بۆیە لە ئێستاوە كار دەكەن، تا بتوانن پێشبینییەكانیان پێچەوانە بكەنەوە و ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەوە تا 2030 كەم بكەنەوە.

لە توركیاش لەو جۆرە باڵەخانانە هەن، وەكوو ئەوەی باس دەكرێت 100 جۆری باڵەخانە لە توركیا هەیە، كاتێك بوومەلەرزە روو دەدات، زەویی چۆن بجوولێت، ئەو باڵەخانانەش بەهەمان ئاڕاستەی زەوی دەجوولێن و هیچ كێشەیەكیان نابێت، جا ئەگەر بوومەلەرزە بە پلەی رێختەری زیاتر لە 9ش بێت، بۆیە ئەگەر بە شێوەیەكی زانستی بتەوێت رووبەڕووی بوومەلەرزە ببیتەوە، رێگەی جۆراوجۆر هەن و ئەزموونی وڵاتی چیلییش باشترن ئەزموونە و دەكرێت توركیا سوودی لێ ببینێت، دڵنیاشم دوای بوومەلەرزەكەی شەشی شوبات، توركیا بیەوێ یان نا، ناچار دەبێ روو لە چیلی بكات و داوای لێ بكات هاوكاری بكات بۆ چۆنیەتیی رووبەڕووبوونەوەی بوومەلەرزە، چونكە هاوشێوەی چیلی، بوومەلەرزە بووەتە بەشێك لە ژیانی توركیا و دەبێت بزانێت چۆن رووبەڕووی دەبێتەوە.

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button