فرەنەتەوەیی و ئایینی، هێماى جوانى پێکەوژیانن لە کۆمەڵگاى کوردەواریماندا. پێکهاتەکان شان بە شانى گەلى کورد بەشدارن لە بنیاتنان و چەشتنى تاڵییەکانى چەوساندنەوەى نەتەوەیی و کۆمەڵایەتى، لە سەردەستى داگیرکەرانى ئەم وڵاتە، دابینکردنى ماف و ڕێزگرتن لە دید و بۆچوونەکانیان فاکتەرێکى بەهێزى پڕشنگدارى هەرێمە، لە ئاستى کۆمەڵگاى نێودەوڵەتیدا، هەر دەستوەردانێک لە کاروبار و تایبەتمەندییەکانیان، پێشیلکردنى بنەماى سەرفرازیى نیشتمانیمانە.
بەداخەوە ماوەیەکە هەندێ لایەنى سیاسی، لەژێر کاریگەریى تێکچوونى شیرازەى رێکخراوەیی و پێگەى جەماوەرییان، پەلامارى ماف و خواستى پێکهاتەکانى كوردستان دەدەن و دەیانەوێ لەجیاتى ئەوان بڕیاردەر بن لە چۆنیەتیى هەڵبژاردنى نوێنەرەکانیان لە هەڵبژاردنەکانى هەرێمى کوردستاندا، لەکاتێکدا تەنانەت لە عێراقدا پێکهاتەکان لە شێوازى (یەک بازنەییدا) بەشدارن لە هەڵبژاردنى نوێنەرەکانیان، بەداخەوە لە کوردستاندا لەپێناو بەرژەوەندیى بەرتەسکى حزبی، هەندێ لایەن دەخوازن لە شێوازێکى دڵخوازى خۆیاندا پەرتیان بکەن و پێگەى سیاسی و کۆمەڵایەتییان ئاڵۆز بکەن!
پێکهاتەکان لە دێرزەمانەوە زۆرینەیان دانیشتووى هەردوو پارێزگاى (دهۆک و هەولێر)ن، بەو پێیەی دوو جوگرافیاى درێژەپێدەرى مەوداى جوگرافیی بەشێکى دیکەى كوردستانن و لەبنەچەدا ڕێژەیەکى گەورەی پێکهاتەکان لەو بەشەوە سەرچاوە دەگرن.
کارێکى یەگجار نەنگییە ئەگەر ئەو لایەنانە دەست هەڵنەگرن لەو بڕوبیانووە دواکەوتووە بێواتایە و بکرێتە لەمپەر لەبەردەم ئەنجامدانى پرۆسەى هەڵبژاردنى پارلەمانى نوێی هەرێمی كوردستاندا. ئەوانە بیانەوێ و نەیانەوێ هەڵوێستەکەیان دوو زیانى هەرە رووخێنەر لەئامێز دەگرن و بەشداریش دەبن لە داڕشتنى پیلانى لەکەدارکردنى مێژووى پاراوى گەلەکەمان، لە بوارى پاراستنى بنەماکانى پێکەوەژیان و رێزگرتن
لە تایبەتمەندیی پێکهاتەکان:
یەکەمیان: پێشێلکردنى پرنسیپەکانى پێکەوەژیان و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتى.
دووەمیان: تەڵخکردنى سەرفرازیى دیموکراتیەتى تازە پێگەیشتووى پیادەکراوى هەرێمى كوردستان.