گرنگوتار

ڕۆژنامەی (الصباح) دەیەوێ ببێتە ڕۆژنامەی (الثورة)ی بەعس؟

28- 2 – 2023 واتە نۆ ڕۆژی دیكە 30 ساڵی ڕەبەق بەسەر كاری خۆم لە بواری ڕاگەیاندندا تێپەڕ دەبێت، بەڵام چەند ساڵێك پێش ئەو كاتانەش ئاگاداری ئەو ڕۆژنامانە بووم كە رژێمی بەعسی عێراق دەری دەكردن، ئەو كاتانە بەعس چەند ڕۆژنامەیەكی ھەبوو، یەكێك لەو ڕۆژنامانە ڕۆژنامەی (الثورة) بوو.

ئەوەی لەو ڕۆژنامەیەدا بڵاو دەكرایەوە، لە سەدا سەد ڕەنگدانەوەی بیر و تێڕوانینەكانی حزبی بەعس بوو وەك حزبێكی دیكتاتۆری و سەرقافڵەی بیری شۆڤێنیی عەرەبی، ئەوەی ڕۆژنامەی (الثورة)ی بەعس بە وشە و وتار و چاوپێكەوتنەكانی بە كوردی دەكرد، مەگەر زەعیم سدیقی حەرەس قەومیەكانی بەعس لە ساڵی 1963 و سەدام حسێن و عەلی حەسەن مەجیدی ئامۆزای، لەدوای ساڵی 1968 بە تانك و تۆپ و فڕۆكەی جەنگی لە ئاسمان و سەر زەمینی كوردستان بە كوردیان كردبێت.

واتە لە لایەك ڕۆژنامەی (الثورة) بە وشە و، لە لایەكی دیكەش تانك و تۆپ و فڕۆكە جەنگیەكانی بەعس، لەسەر زەمین و ئاسمانی كوردستان چییان لەدەست ھاتبێت دژی كورد دەیانكرد و درێغییان نەدەكرد، ئێستاش ڕۆژنامەی (الصباح) كە وەك ڕۆژنامەی نیمچە فەرمیی حكوومەتی عێراق ناسێنراوە، بەعسئاسا و وەك ئەوەی وەھای پێشان بدەن كە بەعس وەجاخی كوێر نیە و كۆمەڵێك بەعسیی شۆڤێنیست ماون كە ئێستاش دژی كورد لەسەر ڕێچكەی ڕۆژنامەی (الثورة)ی بەعس، ڕۆژنامەی (الصباح) بەڕێوە دەبەن.

ئەم ڕۆژنامەیە، بەعسئاسا ھەستاوە بابەتێكی بڵاو كردووەتەوە كە گوایا خەڵكی كوردستان خۆیان دەیانەوێت قەوارەی دەستووریی ھەرێمی كوردستان ھەڵبوەشێتەوە و شتێك بە ناوی ھەرێمی كوردستان نەمێنێت و ھەموو ھەرێمی كوردستان وەك باقیی پارێزگاكانی عێراق، ببەسترێتەوە بە ناوەند! واتە بەغدا و ئیتر ڕاستەوخۆ بەغدا حوكمی كوردستان بكات! بەڵام:

1- ئەو ڕۆژنامەیە و ئەوەی ئەو بابەتە بەعسییانەیەی ئامادە كردووە و ئەوەشی ڕێگەی بە بڵاوكردنەوەی ئەو بابەتە بەعسییانەیە داوە، دەبوایە ئەوە بزانن كە بە ڕۆژنامەی (الصباح) دەگوترێت: ”ڕۆژنامەیەكی نیمچە فەرمی!“ بۆیە ھەر بابەتێك لەو ڕۆژنامەیەدا بڵاو بكرێتەوە، وەك ڕاوبۆچوونی نیمچە فەرمیی عێراق حسابی بۆ دەكرێت!

بڵاوكردنەوەی ئەم جۆرە بابەتانە، بۆی ھەیە كاریگەریی زۆر خراپ لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و عێراق دروست بكات، لە كاتێكدا ئەم پەیوەندییانە خۆی لە خۆیدا ئەوەندە بێ كێشە نیە كە ڕۆژنامەی (الصباح)ی نیمچە فەرمی! بە بڵاوكردنەوەی ئەم بابەتانە ئەوەندەی تر كێشە لە نێوان ھەرێمی كوردستان و عێراق دروست بكات، ئەوە جگە لەوەی كە ئەم بابەتە لە سەدا سەد دژی ناوەڕۆكی دەستووری عێراقە بە گشت مادەكانی ئەو دەستوورەوە، نەك ھەر تەنیا دژی ئەو مادانەی دەستوور بێت كە پەیوەندییان بە مافە دەستوورییەكانی كورد و ھەرێمی كوردستانەوە ھەیە!

2- ئەگەر بڕیار بێت باسی ھەڵوەشاندنەوەی قەوارە سسیاسییەكان بكرێت و بابەتەكە لەنێوان ھەرێمی كوردستان بپەڕێتەوە و باز بدات بۆ گفتوگۆ و شەڕی ڕاگەیاندنی سیاسیی نێوان ھەرێمی كوردستان و عێراق، لەم كاتەدا كورد و ھەرێمی كوردستان بایی ئەوەندە كەفائەت و بایی ئەوەندە شارەزایان تیایە كە ڕۆژانە بە ھەردوو زمانی كوردی و عەرەبی، بەو عەرەبیەشی كە ڕۆژنامەی (الصباح)ی پێدەردەچێت، وتار و چەندین بابەتی ڕۆژنامەوانی بنووسن و ئامادە بكەن و زۆر بە شێوەیەكی بابەتیانەش بیسەلمێنن كە ئەوەی موستەحەقی ھەڵوەشاندنەوەیە ئەوە عێراقە نەك ھەرێمی كوردستان! بەڵام بەردەوام بژارەی ستراتیژیی كورد گفتوگۆ و ئاشتی و سەقامگیری بووە، ئەگینا ئەگەر بێتە سەر شەڕی ڕاگەیاندنی سیاسی، نە پەنجەی كورد بۆ نووسین كۆڵەوارە و نە زمانی قسەكردنی كورد لەگۆ كەتووە و نەزانێت قسە بكات یان نەزانێت چۆن قسە بكات!

3- جا بۆیە وا باشترە بۆ ئەوانەی كە لە ڕۆژنامەی (الصباح) بڕیاربەدەستن و ئۆكەی كۆتایی بۆ بڵاوكردنەوەی بابەتەكانی دەكەن، وردتر بن و كورد ڕانەكێشنە ناو شەڕێكی ڕاگەیاندن كە ئەنجامەكەی پێشوەخت زانراوە، چونكە ئەم شەڕە بە دۆراندنی ئابڕووبەرانەی بەعسیە شۆڤێنیستەكانی ناو ڕۆژنامەی نیمچەفەرمیی (الصباح) كۆتایی دێت، بۆ بەچەكانی بەعس وا باشترە تۆزێك زیاتر مێژووی خۆیان و كورد بخوێننەوە، بۆ ئەوەی باشتر خۆیان لغاو بكەن و سنوورێك بۆ بەرەڵایی خۆیان دابنێن.

جەمال عەبدوڵڵا

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button