جەمال عەبدوڵڵا:
ماوەیەكە یەكێتی بەشێك لە خەڵكی سەرقاڵ كردووە بەوەی، ئایا بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتییە یان نا، ئایا بافڵ ھاوسەرۆكی ھەیە؟ لەناو ئەم ململانێیەدا، ھانا بۆ یاسا براوە لە عێراق، ئەوە لەكاتێكدایە، عێراق خۆی بە مانای نوێی دەوڵەت، دەوڵەتی تیا نییە ھەتا یاسای تیا بێت!
لەناو یەكێتییەوە وەھا كێشەكانی ناو یەكێتی دەخرێنە ڕوو، كە یەكێتی ھیچ كێشەیەكی نییە، ئیللا ئەوە نەبێت، كە ئایا ئەوەی بافڵ لە 8ی تەممووزی ساڵی 2021دا كردی، كارێكی پێڕەوی و یاساییە یان نا؟ بەڵام كێشە ڕاستەقینەكانی یەكێتی زۆر لەم بابەتە قووڵترن، كە دەویسترێت وەك كێشەیەكی یاسایی بخرێنە ڕوو، چونكە پێش ئەم بابەتە، دەبێ یەكێتی وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە:
1- ئایا یەكێتی حزبە یان حزب نییە؟ ئەگەر حزبە، كوا؟ ئەگەر حزب نییە، ئەی چییە؟ خۆ دەبێ شتێك بێت!
2- ئایا یەكێتی فكری ھەیە یان نا؟ ئەگەر یەكێتی فكری ھەیە كوا؟ خۆ ئەگەر فكری نییە، ئەی چیی ھەیە؟
3- ئایا یەكێتی ئایدۆلۆجیای ھەیە یان نا؟ ئەگەر ئایدۆلۆجیای ھەیە كوا؟ ئەگەر نیەتی ئەی چۆن و لەسەر چ بنەمایەك دەڕوات؟
4- ئایا یەكێتی خۆی بە خاوەنی ھیچ كێشەیەكی سیاسی دەزانێت یان نا؟ ئەگەر خۆی بە خاوەنی ھیچ كێشەیەكی سیاسی دەزانێت، كوا ئەو كێشەیە؟ ئەگەر ھیچ كێشەیەكی سیاسیی نییە، ئەی چ كێشەیەكی ھەیە، بۆچی نایڵێت؟
5- ئایا یەكێتی خۆی ساغ كردووەتەوە كە كوردە؟ عەرەبە؟ توركە؟ فارسە؟ یان ئوممەی دیموكراتییە؟
6- بێجگە لەو پێشمەرگانەی یەكێتی كە بەڕاستی دڵسۆزی كوردستان و جگە لە پێشمەرگە دێرینەكان و ئەوانەی لە كەینوبەینی دزی و تیرۆری ھەڤاڵانی خۆیان تێوە نەگلاون، بەڵام ئایا ئەو چەكدارانەی دیكەی یەكێتی چین؟ میلیشیان؟ حەرەسی شەخسین، یان حەرەسی سەورین؟
7- ئەو پارانەی یەكێتی ھەیەتی لە كوێوە و لە چیەوە پەیدای كردوون؟ ئابوونەی ئەندامانە، یان ئابوونەی سەر مەرزەكانە، یان ھی ھێلكەی پیسبوو، یان دووگی ماوەبەسەرچوو؟
8 – ئەو راگەیاندنەی یەكێتی ھەیەتی، بەچكەی ڕۆژنامەی پرافدای حزبی شیوعیی سۆڤێتیی ڕووخاوە، یان بەچكەی ڕۆژنامەی ڕۆدۆن سینمۆن-ی حزبی شیوعیی كۆریای باكوورە؟
9- ئایا یەكێتی لە حكوومەتدایە؟ ئەگەر لە حكوومەتدایە كوا؟ ئەگەر لە حكوومەتدا نییە دیسان كوا؟
10- ئایا یەكێتی لە ناوەندە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكاندایە؟ ئەگەر وەڵامەكە (بەڵێ)یە كوا؟ ئەگەر (نەخێر)ە بۆچی؟
بۆیە بە ڕای خۆم، جارێ یەكێتی بچێت بەلای وەڵامی ئەو 10 پرسیارەی پێشەوەدا بگەڕێت، زۆر باشترە لەوەی كە بەناوی شەڕی یاساییەوە بڵێت ئایا یەكێتی یەك سەرۆكی ھەیە، یان ئەم سەرۆكە ھاوسەرۆكی ھەیە؟ بە بڕوای خۆم یەكێتی ئەسڵەن ھەر سەرۆكی نییە، ھەتا باسی ھاوسەرۆك بۆ سەرۆك بكرێت!