خۆ قوباد تاڵەبانی دەرنەكراوە ھەتا تێلی بۆ بكرێت
جەمال عەبدوڵا:
لەم یەك دوو ڕۆژەی ڕابردوودا بافڵ تاڵەبانی لە بۆنەیەكدا و لە ھەولێر ھەندێك قسەی كرد كە بە بڕوای خۆم زۆربەی ئەو قسانە زۆر لاواز و نالۆژیكی بوون و لە قسەی كەسانێك نەدەچوو كە بەرپرسیارێتیی حزبی و سیاسیی باڵایان ھەبێت.
یەكێك لەو قسانەی بافڵ تاڵەبانی ئەوە بوو كە دەڵێت: ”تیمی پارتی بە شێوەیەکی ڕژد هەوڵی چارەسەركردنی نیگەرانییەکانی قوباد تاڵەبانیی نەداوە، بۆچی یەکێک تەلەفۆنی بۆ ناکات و پێی بڵێت کاک قوباد بۆ نایەیت بۆ کۆبوونەوە؟ یەک تەلەفۆن نەکراوە… تەلەفۆنێکی بۆ بکەن.. بڕۆن چایەکی لا بخۆنەوە، وەڵا دونیا کاول نابێت، با یەکێک بڕوات لەگەڵ کاک قوباد چایەک بخواتەوە و بڵێت کوڕم بۆ وا دەکەیت؟ چی لەناو دڵتا ھەیە؟ کێشەی یەکێتی چییە؟“
پێش ئەوەی بێمە سەر ناوەڕۆكی بابەتەكە، من لەڕووی ڕێزمانەوە و لای خۆمەوە ھەندێك ھەڵەی ڕێزمانیم بۆ بافڵ تاڵەبانی چاك كردووە و تۆزێك ڕیزبەندیی قسەكانیشم بۆ مشتوماڵ كردووە، بەڵام قەیناكا پێی ناڵێم چیم بۆ چاك كردووە و چیم بۆ مشتومال كردووە، ئەگینا ئەمەشیان ھەر خۆی لە خۆیدا بۆ بابەتی وتارێكی جیا دەبوو!
دە ئنجا با بێینە سەر ناوەڕۆكی قسەكانی بافڵ تاڵەبانی سەبارەت بە قوباد تاڵەبانی كە دەڵێت: ”بۆچی یەکێک تەلەفۆنی بۆ ناکات و پێی بڵێت کاک قوباد بۆ نایەیت بۆ کۆبوونەوە؟ یەک تەلەفۆن نەکراوە. تەلەفۆنێکی بۆ بکەن. بڕۆن چایەکی لا بخۆنەوە، وەڵا دونیا کاول نابێت. با یەکێک بڕوات لەگەڵ کاک قوباد چایەک بخواتەوە و بڵێت کوڕم بۆ وا دەکەیت؟ چی لەناو دڵتا ھەیە؟ کێشەی یەکێتی چییە؟“
بافڵ تاڵەبانی زیاتر بە شێوەی پرسیار ئەو قسانەی كردووە، بۆیە منیش وەك ھاووڵاتییەك زیاتر بە شێوەی پرسیار، ئەم پرسیارانە ئاراستەی بافڵ تاڵەبانی دەكەم:
1- ئایا قوباد تاڵەبانی لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەركراوە یان خۆی بە بڕیار و بە ئارەزووی خۆی كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیرانی بەجێ ھێشتووە؟ ئەگەر قوباد تاڵەبانی لە حكوومەت دەركرابێت و خۆی بە ئارەزووی خۆی كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیرانی بەجێ نەھێشتبێت، ئەشھەدوو لەم كاتەدا حەق وایە تێلی بۆ بكەن و بچنە لای و چای لا بخۆنەوە، بەڵام خۆ ئەو خۆی بە ئارەزووی خۆی بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیران ڕاگرتووە، بۆیە دەڵێم، لەبەرئەوەی قوباد تاڵەبانی خۆی ڕۆییشتووە ھەر دەبێت خۆیشی بگەڕێتەوە ناو ئەنجوومەنی وەزیران و ئەوەندەشی بزانم نە سەرۆكی حكوومەت و نە تیمی وزاریی پارتییش لە حكوومەت ھیچ ناڕەزایی و ھیچ لارییەكیان لە گەڕانەوەی قوباد بۆ ناو ئەنجوومەنی وەزیران نیە.
2- باشە كە قوباد خۆی ڕۆییشت، ئەی تیمی وزاریی یەكێتی لە حكوومەت بۆچی بایكۆتی كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیرانیان كرد؟ ئایا بە فەرمانی كێ ئەو تیمەی یەكێتی چوونە دەرەوەی ئەنجوومەنی وەزیران كە سوور دەشزانم پێیان خۆش نیە!
3- سەبارەت بەو پرسیارەی بافڵ تاڵەبانی كە دەڵێت: ”بۆچی بە قوباد ناڵێن بۆچی وا دەكات و چی لەدڵیایەتی؟“ ئەوە پێویست بە پرسیار ناكات، چونكە ئەوەی لە دڵیایەتی لەمێژە دركێندراوە و لەمێژە كەشف بووە، بۆ نموونە من خۆم لەو ڕۆژەوەی كە ھێزە دەمامكدارەكە ھەڵیانكوتایە سەر فەرمانگەی تۆماركردنی خانووبەرەی چەمچەماڵ و بە دۆڵابەوە سەدان دۆسێی خاوەن زەوییەكانی ئەو دەڤەرەیان برد، ئیتر دەزانم كە غازی چەمچەماڵ و شەش و بەشكردنی ئەو غازە لە دڵی قوباد تاڵەبانیدایە! ئیتر ئەمە پرسیاری بۆچیە؟ دەشزانم كە كەشفكردنی خێرای تیرۆریستانی تیرۆركردنی عەقید ھاوكار جاف و بڵاوكردنەوەی دانپیانانەكان و سووربوون لەسەر ڕادەستكردنی ئەو تیرۆریستانە بە دادگا و یاسا لەلایەن سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانەوە، ئا ئەمەشیان لە دڵی قوباد تاڵەبانیدایە و لەو بڕوایەشدام ئەوەی لە دڵی قوباد تاڵەبانیدایە ھەر ئەوەش لە دڵی بافڵ تاڵەبانیدایە! ئیتر چ پێویست بە تێلكردن بۆ قوباد و چاخواردنەوە لای قوباد دەكات بۆ ئەوەی بزانرێت چی لە دڵیایەتی؟