
ئەمرۆ یەکشەممە ٦/٨/٢٠٢٣ لە بڵاوکراوەیەکی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە: “وەزارەتی ناوخۆ شوێنەکانی مەترسی خنکان دادەخات.”
دەقی بڵاوکراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ:
شریتی سوور لەو شوێنانە دراوە
وەزارەتی ناوخۆ شوێنەکانی مەترسی خنکان دادەخات.
دوای زیادبوونی ڕووداوەکانی خنکانی هاووڵاتیان و گەشتیاران لە ڕووبار و دەریاچە، زێ، چەمەکان، لە وەرزی هاویندا، بە فەرمانی بەڕێز وەزیری ناوخۆ، بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرگری شارستانی و پۆلیس ئەو شوێنە گەشتیاریانە دادەخەن کە لە ماوەی ڕابردوو هاووڵاتییان و گەشتیاران لێیان خنکاون و مەترسیدارن بۆ مەلەکردن. ئەمەش بە ئامانجی کەمکردنەوەی دەرفەت و ئەگەرەکانی قوربانی زیاتر.
دەستەی گشتی گەشتوگوزار و دەستەی پاراستن و چاککردنەوەی ژینگە و فەرمانگەی میدیا و زانیاری و ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان و دامەزراوە پەیوەنددارەکانی دیکە هەڵمەتی ئاگادارکردنەوە و هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییان و گەشتیاران بۆ خۆپاراستن لە مەلەکردن لەو شوێنە مەترسیدارانە دەست پێ دەکەن.
داوا لە هاووڵاتییانی ئازیز و گەشتیاران و کۆمپانیاکانی گەشتوگوزار دەکەین کە پابەند بن بە دوورکەوتنەوە لەو شوێنانەی شریتی سووری لێدراوە و هێما و تابلۆکانی قەدەغەکردنی مەلەی لێ هەڵواسراوە. ئەو شوێنانە مەترسیدارن و بەهیچ شێوەیەک ناکرێت مەلەی تێدا بکرێت و بۆ مەلەکردن ناشێن و ڕێگاپێدراو نین.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان
٦ی ئابی ٢٠٢٣



