
گەنجێکی تەمەن 22 ساڵ، کە کاری دیلیڤەری دەکرد، لە بەردەم مزگەوتی شێخ فەرید لە شاری سلێمانی دەستڕێژی گولـلەی لێکرا و بریندار بوو، دواتر رەوانەی نەخۆشخانە کرا.
نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی راگەیاند: “گەنجەکە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا و تەرمەکەی رەوانەی دادپزیشکی کرا.”
راشیگەیاند: “ئەو گەنجە کە کاری دیلیڤەری کردووە، لە کاتی کارکردن لەگەڵ کەسێک بووەتە دەمەقاڵێی، دواتر ئەو کەسە لەگەڵ هاوڕێکەی بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا لاندکروزەر دوای کەوتوون و تەقەیان لێکردووە و برینداریان کردووە.”
نەقیب سەرکەوت ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا دوای رووداوەکە، هەردوو تۆمەتبارەکە دەستگیرکراون و پۆلیس لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکات.
سەبارەت بە تەرمی گەنجە کوژراوەکەش، وتی: “ئەو گەنجە عەرەبە، تەرمەکەی لە دادپزیشکییە و هێشتا کەس خۆی لە بە خاوەن نەکردووە.”
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو 183 کەس بە ئەنقەست کوژراون، 32 کەس به ههڵه کوژران و 240 کەسیش خۆیان کوشتووە.



