سعودیە دوو هاووڵاتی هەرێمی کوردستان ئازاد دەکات
دوای ئەوەی دوو هاوڵاتی هەرێمی کوردستان لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی شانشینی سعوودیە لە شاری (تائف) دەستگیر کرابوون، رۆژی سێشەممەی رابردوو ئازادکران.
لە راگەیەندراوێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەدا هاتووە: رۆژى سێشەممە رێکەوتی 5ی ئەیلولی 2023 لە دوای هەوڵى بەردەوامی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لەگەڵ حکومەتی شانشینی سعوودیە، توانرا هەردوو هاوڵاتی هەرێمى کوردستان (سەباح محەممەد موسا) و (سالار کەریم عەزیز) ئازاد بکرێن و بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە هەولێر بە کەسوکاریان شادبوونەوە.
سەبارەت بە هۆکاری دەستگیر کردنیان، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی روونیکردەوە، ئەم دوو هاووڵاتییە لە رێکەوتی 12ـی 8ـی 2023 بە مەبەستی بینینی یاری تۆپی پێی نێوان دوو یانەی ئەو وڵاتە سەردانی شاری (تائف) یان کردووە و هیچ تاوانێکیان ئەنجام نەدابوو تاوەکو شایانی سزادان و زیندانی کردن بن، ئەوەی روویداوە تەنها نەشارەزایی بووە بە هەندێک رێسای ئەو وڵاتە، کەبووە هۆی دەستگیرکردنیان لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی شانشینی سعوودیە.