رۆژهه‌لاتی ناوه‌راستکوردستانگرنگ

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت ئاشکراکرا

هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت جەخت لەسەر پابەندبوون بە جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت و رێککەوتنی لایەنەکان دەکاتەوە.

ئێوارەی رۆژی شەممە (9ـی ئەیلوولی 2023) محەممەد شیاع سوودانی، بە ئامادەبوونی لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق و محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق میوانداری کۆبوونەوەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتی کرد بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی بارودۆخی کەرکووک.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت ئیدانەی رووداوەکانی ئەم دواییە شاری کەرکووکی کردووە و رایگەیاندووە، ئەوەی لە کەرکووک روویدا، کارێکی قبوڵنەکراوە و بیانوو هەڵناگرێت لە هەر لایەنێکەوە بێت و جەختی لەسەر ئەوەشکردووەتەوە، پێویستە کێشەکان بەشێوەی گفتوگۆ و ئاشتیانە لە بەرژەوەندی هاووڵاتییانی کەرکووک چارەسەربکرێن.

هەروەها هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت داوای پابەندبوون بە گوتارێکی نیشتمانییەوە کردووە کە پاڵپشتیی ئارامی و بڵاوکردنەوەی ئاسایش و سەقامگیری لە پارێزگای کەرکووک بکات و برایەتی و پێکەوەژیانی پێکهاتەکانی پارێزگاکە دووپاتبکاتەوە.

هاوکات ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە، لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن لەوانەش پێکهێنانی لیژنەیەکی سەرکردایەتی لە هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بۆ سەردانیکردنی پارێزگای کەرکووک، بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرجەم پێکهاتە و لایەنەکانی پارێزگاکە بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەری دەستبەجێ بۆ کێشەکان، بە تایبەتیش پرسی بارەگاکان و گۆڕانکاری ئیداری لە پارێزگاکە بەشێوەیەک هاوسەنگی نێوان پێکهاتەکان بپارێزێت.

لە خاڵێکی دیکەدا، هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت پشتیوانی بۆ بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی پەرلەمانی بە مەبەستی بەدواداچوونکردن بۆ رووداوەکانی کەرکووک، هەروەها جەختکردنەوە لەسەر پێویستی ئاشکراکردنی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بۆ رای گشتی، و لێپرسینەوە لە هەر کەسێک کە سەلمێندرا دەستی هەبووە لە رووداوەکان، بەبێ گوێدانە ناو و ناونیشانیان.

سەبارەت بە هەڵبژارنەکانیش، هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت پابەندبوونی بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە وادەی دیاریکراوی خۆی لە مانگی کانوونی یەکەمی داهاتوو بە پارێزگای کەرکووکیشەوە، دووپارتکردووەتەوە.

لەبارەی کێشە سیاسییەکانی دیکەشەوە، بەتایبەتی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، هەموو لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت جەختیان لەسەر پابەندبوون بە رێککەوتنی سیاسیی جێگیرکراو لە مینهاجی وەزاری کردووەتەوە، کە لە پەرلەمانی عێراق پەسەندکراوە.

ئەوەی تایبەتیش بێت بە پرسی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی فیدراڵی، هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، پاڵپشتی خۆی بۆ بڕیاری پەرلەمانی عێراق راگەیاندووە، بۆ میوانداریکردنی وەزیرانی دارایی لە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئەو پرسە و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو.

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button