رێککەوتنامەی نێوان هەژماری من و بانکی TBI بڵاوکرایەوە

تیمی هەژماری من، ئەمڕۆ دووشەممە 4ی تشرنی دووەمی 2024 گوتی، رێککەوتنەکەیان لەگەڵ بانکی TBI هەفتەیەک پێش ئێستا کراوە و واژۆ کراوە.
شەوی 3ی تشرینی دووەمی 2024 بانکی بازرگانیی عێراق (TBI) رایگەیاند، گرێبەستیان لەگەڵ پرۆژەی (هەژماری من) واژۆ کردووە بە مەبەستی بەجێکردنی مووچە.
سەبارەت بە نێوەڕۆکی رێککەوتنەکە، تیمی هەژماری من دەڵێت، رێککەوتنەکە 25 لاپەڕەیە و بەشی یەکەمی پەیوەندیی بە پابەندییەکانی تیمی هەژماری من و پابەندییەکانی بانکی تی بی ئایەوە هەیە.
بەشێكی دیکەی گرێبەستەکە تایبەتە بە دانانی ئەی تی ئێمی بانکی تی بی ئای لە هەرێمی کوردستان، چونکە وەکو تیمی هەژماری من دەڵێت، زیاتر لە 34 هەزار فۆرم لەلایەن فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە پڕکراونەتەوە بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی لەو بانکە کە زۆربەیان لە پارێزگای سلێمانین، بەڵام تاوەکو ئێستا بانکەکە هیچ ئەی تی ئێمێکی نییە، بۆیە بەگوێرەی گرێبەستەکە دەبێت تیمی هەژماری من شوێنی دانانی ئەی تی ئێمەکان بۆ بانکی تی بی ئای دیاریبکرێت، دواتریش لەسەر بانکەکە پێویستە ئەی تی ئێمەکان دابنێت.
تیمی هەژماری من دەڵێت، بەمزووانە چوار ئەی تی ئێم دەگەنە سلێمانی، دوای ئەوەی نزیکەی 10 هەزار کارتی فەرمانبەران لە بانکی تی بی ئای تەواو بوون لە رێگەی هەژماری منەوە رادەستی فەرمانبەران دەکرێن، قۆناخی دواتریش دابەشکردنی مووچە دەبێت لە رێگەی بانکەکەوە.
سەبارەت بە بەشداریکردنی بانکەکانی رافیدەین و رەشید لە پرۆژەی هەژماری من، تیمەکە دەڵێت، بە هیچ جۆرێک ئەو دوو بانکە بەشداری لە پرۆژەی هەژماری من ناکەن، چونکە رێککەوتنی پرۆژەی هەژماری من و سەرۆکوەزیرانی عێراق بەو شێوەیە بووە کە تەنیا بانکی تی بی ئای بەشداری بکات لە پرۆژەکە؛ بۆیە کردنەوەی هەر هەژمارێکی بانکی لە دەرەوەی رێنوێنییەکانی پرۆژەی هەژماری من کاری پێناکرێت.
تیمی هەژماری من داوا لە فەرمانبەران دەکات خۆیان بەدووربگرن لە کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ وەرگرتنی مووچە لە دەرەوەی رێنوێنی و ئاگاداری هەژماری من، چونکە وەکو ئەوان دەڵێن بە هیچ جۆرێک مووچەیان ناخرێتە سەر ئەو هەژمارانەی بەبێ ئاگاداری و لە رێگەی ئەوانەوە ناکرێنەوە.
ژێدەر
رووداو