رۆژهه‌لاتی ناوه‌راستکوردستانگرنگ

ماڵپەری (الحرب)ـی بەریتانی: یەكێتی مانگرتنەكەی سلێمانی بە سیاسی کردوە

نزیكەی دوو هەفتەیە ژمارەیەك مامۆستا و فەرمانبەر و چالاكی سلێمانی مانیان لە خواردن گرتووە، ئەوان خێوەتێكیان دامەزراندووە و ناوە ناوە بەرپرسانی باڵای یەكێتی سەردانیان دەكەن، دیار نییە باسی چی دەكەن، بەڵام لە میدیاكان باسی ئەوە دەكرێت یەكێتی دەیەوێ كۆتایی بە مانگرتنەكە بێت، كەچی لە راپۆرتێك یەكێتی لە بە سیاسیكردنی مانگرتنەكەی سلێمانی تۆمەتبار دەكرێت.

بەپێی راپۆرتەكە مانگرتنەكەی سلێمانی رووناكی خستە سەر سیاسەتەكانی یەكێتی، كە هەوڵی سوودوەرگرتن لەو جموجۆڵە دەدات بۆ چارەسەركردن و یەكلاكردنەوەی كێشەكانی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، كە خۆپێشاندانەكان بە پاشخانێكی سیاسییانە لە قەڵەم دەدات و داوا دەكات لە بری ئەوە روو لە بەغدا بكرێت بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی.

جیا لە دامەزراندنی خێوەتێكی مانگرتن لە سلێمانی، دوێنێ ژمارەیەك لە مامۆستا و فەرمانبەرانی سلێمانی هەوڵیان دا بچنە ناو هەولێر و لەبەردەم بارەگەی نەتەوە یەكگرتووەكان ناڕەزایەتی دەرببڕن، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لەوبارەوە گوتی، هەندێك لایەن سوود لەو ناڕەزایەتییەی سلێمانی وەردەگرن بۆ دەستكەوتی هەڵبژاردن، ئەگینا پێویستە رووی ناڕەزایەتییەكان لە حكوومەتی بەغدا بێت، چونكە ئەو بەرپرسە لە دواكەوتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان. 

وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێك لەبارەی دۆخی سلێمانی رای گەیاند، جەند رۆژێكە لە سنووری سلێمانی گردبوونەوەی ژمارەیەك فەرمانبەر بەدی دەكرێت. داواكارییە رەواكانی فەرمانبەران و چین و توێژەكانی هەرێمی كوردستان هەمیشە لە خشتەی كارە لەپێشینەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندان و لەو پێناوەش بە بەردەوامی لەگەل حكوومەتی فیدرال لە بەغدا كار بۆ بەدیهاتنیان كراوە و تا رادەیەكی باش بەرەو پێشچوون هەیە. بە هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا لە هەولی چارەسەركردنی بابەتە هەلواسراوەكانین. 

ئەوەی جێگای هەلوەستەیە، كۆمەڵێك كەس و لایەنی دەرەكی و ناوخۆیی لە عێراق دەیانەوێت ئەم داواكارییانە بە كاربهێنن بۆ مەبەستی گوماناویی خۆیان و هەندێك لایەنی پاشكۆ، لایەنەكانی لە یاسا دەرچوو ، پ. ك. ك. و كەسانی تر سوود لەو دەرفەتە وەردەگرن و نیازیان هەیە بۆ شێواندنی ئاسایشی ناوچەكانی تری هەرێم بەكاری بهێنن و بەمەش داواكارییە رەواكانی فەرمانبەران تێكەڵ بە مەرامەكانیان دەكەن. 

سەرباری رێزگرتن لە مافی خۆپیشان، هەر هەوڵێك بۆ تێكدانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان رێگرییان لێدەكرێت و هەر هەولێك بەدەر لە یاسا و رێنماییەكان بێت رێگەی پێنادرێت.

لای خۆیەوە هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی “ئێكس” پۆساێكی لەبارەی مانگرتنەكەی سلێمانی بڵاو كردەوە و پێی وایە ئەم مانگرتنە بە سیاسی كراوە، نووسیویەتی، باشترە برایانی مانگرتوو خێوەت و ناڕەزایەتی و مانگرتنیان لە خواردن، بگوازنەوە بۆ گۆڕەپانی “تەحریر” لە بەغدا یان شەقامی ئیمام قاسم لە بەردەم وەزارەتی دارایی عێراق بۆ داواكردنی شایستە داراییەكانیان بە شێوەیەكی رێكوپێك، چونكە حكوومەتی هەرێم بابەتەكەی لەگەڵ حكوومەتی عێراق یەكلایی كردووەتەوە.

لای خۆیەوە ساڵح عومەر مامۆستای زانكۆ ئاماژە دەكات كە خۆپێشاندان مافێكی دەستووری و یاساییە، بەڵام لە چوارچێوەی رێككارە یاساییەكان، كەچی چەند لایەنێكی سیاسیی كوردی لەو رێگەیەوە پاڵپشتیی لە شێوانی سەقامگیریی هەرێمی كوردستان بۆ مەبەستی بانگشەی هەڵبژاردن دەكەن، هەندێك لە حزبەكانی پاڵپشتیی لە خۆپێشاندانەكان دەكەن كە بەشدارن لە حكوومەتی هەرێم، كەچی رەخنە لە حكوومەتەكە دەگرن و باش دەزانن كە كێشەی دواكەوتنی مووچە پێوەندیی بە هەرێمەوە نییە.

روونی كردەوە، ئاراستەكردنی خۆپێشاندانەكان بەرەو هەولێر بە پاڵپشتیی چەند لایەنێكی سیاسیی كوردییە و چەند كەسایەتییەكی سیاسیی عێراقیشی لە پشتە، مەبەستی ئەوان شێوانی سەقامگیریی هەرێم و نەیارییە بۆ پارتی، وەك ئاماژەیەك بۆ هەندێك هێزی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە كە هەوڵی خنكاندنی ئابوورییانەی هەرێمی كوردستان و ناچاركردنی بۆ چۆكدادان لە رێگەی قەدەغەی هەناردنی نەوتەكەی دەدەن.

ساڵح دووپاتی كردەوە، كێشەی مووچە لە بەغدایە و وەزارەتی دارایی فیدراڵی لە دواكەوتنی بەرپرسیارە و هەولێر بە هەموو رێككەوتننەكان پابەندە، بەڵام هەندێك لایەنی سیاسی هەن خواستیان لەسەر رێككەوتنی هەردوو حكوومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان نییە و كار بۆ دروستكردنی بەربەست دەكەن، بۆیە دەبێت خۆپێشاندانەكان لە بەغدا ساز بكرێن نەك لە هەولێر.   

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button