مەسرور بارزانی لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا پشتوانی خۆیان بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی دووپاتکردەوە

ئهمڕۆ هەینی 4/18 مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازى له نوح یەڵماز جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا كرد.
لە کۆبوونەوەکەدا برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا و دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا.
هەروەها گفتوگۆ لەبارەی گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جیهان کرا.
هەروەها باس لە گرنگیی ئەنجامدانی پڕۆژەی ستراتیژی ڕێگەی گەشەپێدان و بەستنەوەی وڵاتانی کەنداو و عێراق و هەرێمی بە تورکیا و ئەوروپا لە ڕێگەی هێڵی ئاسنین کرا.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا ، بیروڕایان لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا ئاڵۆگۆڕ کرد و پشتیوانیی خۆیان بۆ سەرخستنی پرۆسەکە دووپات کردەوە. لەمبارەیەوە جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا ، سوپاسی سەرۆکی حکومەتی کرد بۆ پشتیوانیی لە پرۆسەکە.