
دوای ئەوەی هەواڵی گیان لەدەستدانی گەنجێک بەهۆی بەکارهێنانی دەرمانی هەڵە و بەگوێرەی ڕێنمانی زیرەکی دەستکرد بەخێرای سۆشیاڵ میدیا داگیر دەکات، کەسوکاری ئەو گەنجە نیگەرانن لەبەرامبەر شێواندنی ڕاستییەکەی.
ڕۆژی یەکشەممە، لە چەند دەزگایەکی میدیایی بڵاوکرایەوە، گەنجێکی دەڤەری برادۆست بەهۆی وەرگرتنی ڕێنمای لە زیرەکی دەستکرد خواردنی دەرمانی هەڵە بۆ چارەسەری نەخۆشی گیانی لەدەستداوە و هەواڵەکە بە خێرای لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوبووەوە.
زەکەریا سەلمان، قوتابی قۆناغی دووەمی زانکۆیە و خەڵکی دەڤەری برادۆستە، دوای ئەوەی فشاری خوێنی دادەبەزێت ڕەوانەی نەخۆشخانەی سۆران دەکرێت و دۆخی تەندروستیی بەرەو باشبوون دەچێت، دواتر لەهەمان ڕۆژ جارێکی تر فشاری خوێنی دادەبەزێت بەرلەوەی ڕەوانەی هەولێر بکرێت کۆچی دوای دەکات.
سەلمان خدر، باوکی ئەو گەنجە ڕایگەیاند، لە زۆرێک لە دەزگا میدیاییەکان نیگەرانین بەهۆی بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و چەواشەکاری لەسەر مردنی کوڕەکەم، ئەمە وای کردووە دووجار جەرگمان بسووتێت.
– کوڕەکەم لە منداڵییەوە نەخۆشی دابەزینی فشاری خوێنی لەگەڵ و ئەمجارەش هاوشێوەی هەموو جارێک دووبارە تووشی هەمان دۆخ بووەتەوە و هەموو ئەو هەواڵانە باس لەوە دەکەن کە گوایە، زەکەریا ڕاوێژی بە زیرەکەی دەستکرد کردووە بۆ بەکارهێنانی دەرمان دوورە لە ڕاستییەوە و چەواشەکارییە.