تاڵیبان ئینتەرنێت قەدەخە دەکات

بزووتنەوەی تاڵیبان، کە لە ساڵی 2021ەوە دەسەڵاتی ئەفغانستانی بەدەستەوەیە، فەرمانی قەدەخەکردنی تەواوەتیی هێڵی ئینتەرنێتی فایبەر ئۆپتیکی لە چەند پارێزگەیەکی باکووری ئەو وڵاتە دەرکردووە و گوتەبێژی بزووتنەوەکەش دەڵێت، ئەو هەنگاوە بە مەبەستی “رێگریکردنە لە بڵاوبوونەوەی بەدڕەوشتی”.
بەگوێرەی میدیاکانی جیهان، چاوەڕێ دەکرێت ئەو بڕیارە نوێیەی بزووتنەوەی تاڵیبان، لە داهاتوویەکی نزیکدا لە سەرانسەری ئەفغانستان جێبەجێ بکرێت، ئەمەش یەکەمین بڕیاری قەدەخەکردنی هێڵی ئینتەرنێتە لەدوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات.
قەدەخەکردنەکە لە سەرەتادا پێنج پارێزگای باکووری ئەفغانستان دەگرێتەوە، کە زۆرترین ژمارەی دانیشتووانی لەو وڵاتەدا لەخۆگرتووە.
لەگەڵ ئەوەی ئەم بڕیارە هەموو پەیوەندییە ئینتەرنێتییەکان لەڕێگەی کێبڵی فایبەر ئۆپتیکەوە دەگرێتەوە، بەڵام ئینتەرنێتی مۆبایل هێشتا بەردەستە و فەرمانەکەی تاڵیبان نایگرێتەوە.
حاجی عەتاوڵڵازەید، گوتەبێژێکی حکومەتی تاڵیبان لە پارێزگاکانی باکووری ئەفغانستان رایگەیاند، ئەم فەرمانە لەلایەن هیبەتوڵڵا ئاخوندزادە، رێبەری باڵای ئەفغانستانەوە دەرچووە و مەبەست لێی “رێگریکردنە لە بەدڕەوشتی”.
عەتاوڵڵازەید ئاماژەی بەوەشداوە، بژاردەیەکی جێگرەوە بۆ پێداویستییە سەرەکییەکان دابین دەکرێت، بەڵام هیچ وردەکارییەکی لەبارەی ئەو پلانی جێگرەوەیە نەخستەڕوو.
بەگوێرەی راپۆرتی دەزگای هەواڵیی ئەفغانستان ئینتەرناشناڵ، بڕیارەکە گۆڕانکاری بەسەردا نایەت و لە کۆتاییدا لە سەرانسەری وڵاتدا جێبەجێ دەکرێت.
بزووتنەوەکە پێشتر نیگەرانیی خۆی لەسەر بڵاوبوونەوەی فیلمی پۆرنۆگرافی و پەیوەندی لەنێوان پیاوان و ژنان لەڕێگەی ئۆنلایندا دەربڕیبوو.
ئەم بڕیارە لەگەڵ کۆمەڵێک یاسای دیکەی تاڵیباندا یەک دەگرێتەوە کە کۆتایی ساڵی رابردوو بە فەرمی پەسندی کردن، وەک داواکردنی داپۆشینی رووی ژنان، هێشتنەوەی ریش لەلایەن پیاوانەوە و قەدەخەکردنی گوێگرتن لە میوزک لە ئۆتۆمبێلدا.
دانیشتووانی ئەفغانستان نیگەرانی خۆیان لەبارەی ئەو بڕیار و یاسا نوێیانەوە دەربڕیوە و یەکێک لە دانیشتووانی پارێزگای بەڵخ لە باکووری ئەو وڵاتە بە ئاژانسی ئاسۆشیەیتید پرێسی گوتووە، “هیچ واتایەک نابینم لەبارەی قەدەخەکردنی ئینتەرنێت لەم سەردەمە پێشکەوتووەدا”.
هەروەها ئەو هاووڵاتییە ئەفغانییە ئاماژەی بەوە داوە، ئینتەرنێتی مۆبایل خاو و گرانە: “ئەگەر ئەم قەدەخەکردنە بەردەوام بێت، نەک تەنیا زیان بە بازرگانییەکەم دەگەیێنێت، بەڵکو بەوانی دیکەش دەگەیێنێت، چونکە هەموو کارە بازرگانییەکانمان لەسەر ئینتەرنێت ئەنجام دەدرێن. ئەم بڕیارە کاریگەریی نەرێنی راستەوخۆی لەسەر کەرتی بازرگانی و ئابووریی وڵات دەبێت، بەتایبەتی لەم سەردەمەدا کە زۆربەی کارەکان پشت بە ئینتەرنێت دەبەسن.”
شرۆڤەکاران هۆشدارییان داوە ئەم هەنگاوە زیاتر توانای کچان بۆ دەستڕاگەیشتن بە خوێندن کەم دەکاتەوە.
لەدوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات و قەدەخەکردنی چوونی کچان بۆ قوتابخانەی ناوەندی و زانکۆ، هەندێکیان روویان لە بەکارهێنانی ئینتەرنێت کردووە، بەمەبەستی درێژەدان بە خوێندن. ئەم بڕیارە ئەو دەروازەیەش لەبەردەم کچان و ژناندا دادەخات، کە پێشتر لە زۆر بواردا لە کارکردن و خوێندن بێبەش کراون.
ئەم قەدەخەکردنە تەنیا یەکێکە لە کۆمەڵێک رێوشوێنی تووندی دیکەی تاڵیبان کە ئازادییەکانی ژنان سنووردار دەکات و رووبەڕووی شەپۆلێکی رەخنەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و زۆرێک لە حکومەتە بیانییەکان بووەتەوە.
زەلمای خەلیلزاد، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە ئەفغانستان، ئەم بڕیارە نوێیەی تاڵیبانی بە “ناڕێک” وەسف کرد و ئاماژەی بەوە دا، ئەگەر نیگەرانیی سەرەکی پۆرنۆگرافی بێت، وەک لە زۆرێک لە وڵاتانی ئیسلامیدا “دەتوانرێت بە ئاسانی فیلتەر بکرێت”. ئەم لێدوانە ئەوە دەردەخات، رەنگە هۆکارە راستەقینەکانی تاڵیبان بۆ ئەم قەدەخەکردنە تەنیا رێگریکردن لە “بەدڕەوشتی نەبێت”، بەڵکو کۆنترۆڵکردنی زیاتری زانیاری و پێیوەندییەکانی ئەفغانستان بێت.
هەروەها چاودێران و پسپۆڕانی کاروباری ئەفغانستان، هۆشداری دەدەن بەوەی ئەم بڕیارەی تاڵیبان، ئەفغانستان زیاتر لە جیهان دادەبڕێنێت و قەیرانەکانی وڵاتەکەش زیاتر دەکات.