ئەنجوومەنی دەوڵەت وەڵامی کۆتایی خۆی دەداتە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق

کۆبوونەوەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ـی ئەیلوولی 2025ـی ئەنجوومەنی دەوڵەت، کە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی پرسی ڕادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، کۆتایی هات.
سەرچاوەیەک لە بەغدا ڕایگەیاند، ئەنجوومەنی دەوڵەت ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنی ڕەشنووسێکە بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، تێیدا هەڵوێست و وەڵامی خۆی لەبارەی پرسی داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەخاتەڕوو.
سەرچاوەکە باسی لەوەش کرد، بە گوێرەی دەستوور، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ناتوانێت ئەو ڕاوێژە یاساییە جێبەجێ نەکات کە لەلایەن ئەنجوومەنی دەوڵەتەوە ئاراستەی دەکرێت، چونکە خۆی داوای لە ئەنجوومەنەکە کردبوو، پرسی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستانی بۆ یەکلایی بکاتەوە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش دا “حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت پابەندنی ڕاوێژە یاساییەکەی ئەنجوومەنی دەوڵەت نەبێت، چونکە خۆی داوای کردبوو پرسەکە لە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق یەکلایی بکرێتەوە نەک ئەنجوومەنی دەوڵەت. ئەگەر ڕاوێژەکە بە گوێرەی خواستەکانی نەبوو، دەتوانێت تانەی لێ بدات و جارێکی دیکە ئاراستەی دادگای فیدراڵیی بکات.”
ئەمە سێیەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی دەوڵەت بوو، بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی ڕادەستکردنی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان.
لە کۆبوونەوەکەی دوێنێ چوارشەممەدا، 17ـی ئەیلوولی 2025، سەرچاوەیەک ڕایگەیاند “دوای نزیکەی چوار کاتژمێر لە گفتوگۆکردن، تەنیا دوو دادوەر دژی بۆچوونەکانی هەرێمی کوردستان بوون، بەڵام سێزدە دادوەرەکەی دیکە لەگەڵ بۆچوونی هەرێمی کوردستان بوون لەبارەی داهاتی نانەوتی. بۆچوونیان وابوو کە بەپێی یاسای بودجە و یاسای بەڕێوەبردنی دارایی، داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ گەڕاندنەوەی داهاتی نانەوتی و خەزێنەی حکومەتی فیدراڵ دەستووریین.”
ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی سێشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، بڕیاری دا ڕەشنووسی نێوان هەولێر و بەغدا و کۆمپانیا نەوتییەکان ڕەوانەی ئەنجوومەنی ڕاوێژکاریی وەزارەتی نەوت بکرێت و ئەگەر تێبینییان نەبێت، کێشەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان کۆتایی پێدێت و دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتەکە دەکرێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا لە بری پێدانی 16 دۆلار بۆ دەرهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت بە کۆمپانیا نەوتییەکان، نەوتیان پێ بدات.
هەمان ڕۆژ کۆمپانیای سۆمۆ لە ڕاگەیەنراوێکدا باسی لەوە کرد، سەرجەم گرێبەست و پابەندبوونەکانیان لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە تەواو کردووە کە نەوتی هەرێمی کوردستان دەکڕن و هەناردەکردنەوەى ئەو نەوتە “شکۆمەندی عێراق وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی هەناردە بۆ بازاڕی ئەورووپا دەگەڕێنێتەوە.”
سێشەممەی ڕابردوو (09ـی ئەیلوولی 2025)، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆیدا، بڕیاریدا دۆسیەی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی دەوڵەت بنێرێت، تاوەکو لە ڕووی یاساییەوە رای خۆی لەسەر بدات کامە داهاتی فیدراڵییە و کامەش داهاتی فیدراڵی نییە لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقدا.
ئەمە لە کاتێکدایە، ڕێککەوتن لەسەر رێژەی داهاتی نانەوتیی ڕادەستکراو یەکێکە لە بەربەستەکانی بەردەم ڕێککەوتنی کۆتایی لەبارەی ناردنی مووچەی مانگەکانی تەممووز و دواتری هەرێمی کوردستان. مەرجێکی سەرەکیی دیکەی بەغدا، بۆ بەردەوامیی ناردنی مووچە، رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانە بۆ هەناردەکردن لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە کە بڕەکەی بە 230 هەزار بەرمیلە.