ترەمپ کۆبونەوەی لەگەڵ سەرکردەیەک رەتکردەوە دەڵێت نامەوێ کات بەفیڕۆ بدەم

دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، پلانی کۆبوونەوەی لووتکەی لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە بوداپێستی پایتەختی هەنگاریا هەڵوەشاندووەتەوە، چونکە نەیدەویست کۆبوونەوەکە “بێهوودە” بێت.
ئەم هەڵوێستەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چەند رۆژێک دوای ئەوە هات کە رایگەیاند، لە دوو هەفتەدا لە پایتەختی هەنگاریا لەگەڵ پووتین کۆدەبێتەوە، ئەوەش دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی کە بە “بەرهەمدار” بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا ناویبرد.
بەرپرسێکی کۆشکی سپی بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، “هیچ پلانێک نییە بۆ کۆبوونەوەی سەرۆک ترەمپ لەگەڵ سەرۆک پووتین لە داهاتوویەکی نزیکدا.”
ترەمپ لە کۆشکی سپی لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسان لەبارەی هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی کۆبوونەوەکە گوتی، “نامەوێت کۆبوونەوەیەکی بێهودە بکەم؛ نامەوێت کاتم بەفیڕۆ بچێت.”
کاتێک رۆژنامەنووسێک پرسیاری لێکرد چی وای لێکرد بۆچوونی خۆی بگۆڕێ، ترەمپ گوتی: “زۆر شت لە بەرەکانی جەنگ روودەدەن. لە دوو رۆژی داهاتوودا ئاگادارتان دەکەینەوە کە چی دەکەین.”
کۆشکی سپی دەڵێ، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی رۆژی دووشەممە کۆبوونەوەیەکی چاوەڕوانکراویان بۆ ڕێکخستنی لووتکەی بوداپێست هەڵوەشاندووەتەوە.
ئەنجامنەدانی کۆبوونەوەکە دوای دیدارێکی دێت لە نێوان ترەمپ و ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە هەفتەی رابردوودا لە واشنتن. بەرپرسێکی باڵای ئۆکراینی بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، ترەمپ گوشاری خستووەتە سەر زیلینسکی تاوەکو دەستبەرداری هەرێمی دۆنباس بێت لە بەرامبەر ئاشتیدا.
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەدا، گفتوگۆکانی زیلینسکی لەگەڵ ترەمپ لە کۆشکی سپی “ئاسان نەبوون” و هەست دەکرا هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ “درێژە دەکێشن” و “لە بازنەیەکی بەتاڵدا دەخولێنەوە.”
ترەمپ هەفتەی رابردوو داوای لە مۆسکۆ و کیێڤ کرد شەڕ لە هێڵەکانی ئێستای بەرەکانی جەنگ بوەستێنن و بە ئاشکرا هیچ ئاماژەیەکی بە دەستبەرداربوونی ئۆکراینا لە خاکەکەی نەکرد.
ئۆکراینا، هەرێمی دۆنباس کە ناوچەیەکی پیشەسازییە و ناوچەکانی لوهانسک و دۆنێتسکی رۆژهەڵاتی دەگرێتەوە، بە بەشێکی دانەبڕاوی خاکی خۆی دەزانێ و چەندین جار بیرۆکەی وازهێنانی لێی رەتکردووەتەوە.