ئەفسەرێکی پلە باڵا و هاوسەرەکەی دەستگیر دەکرێن

لە بەغدای پایتەخت، ئەفسەرێکی پلە باڵا لە وەزارەتی ناوخۆ و هاوسەرەکەی بە تۆمەتی ساختەکاری دەستگیر کران.
دیاردەی ساختەکاریی نووسراوی فەرمی و وەرگرتنی بەرتیل و دەستکەوتی نایاسایی، بووەتە کێشەیەکی ڕیشەدار لە عێراقدا. دەستگیرکردنی بەردەوامی تۆمەتبارانیش، ئاماژەیە بۆ قووڵبوونەوەی گەندەڵی لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا.
سەرچاوەیەکی ئەمنی ئەمڕۆ پێنجشەممە بە میدیای عێراقی ڕاگەیاند، هێزێکی ئەمنی لە ناو کۆمەڵگەی “دەروازەی عێراق” لە ناوچەی بێجییەی ناوەڕاستی بەغدا، ئەفسەرێکی پلە باڵا بە پلەی لیوا و هاوسەرەکەی دەستگیر کرد.
بەپێی سەرچاوەکە، دەستگیرکردنەکە دوای دانانی بۆسەیەکی ورد ئەنجامدراوە. ئەو دوو تۆمەتبارە بەپێی ماددەی 295 و 298 تایبەت بە تاوانەکانی ساختەکاری ڕاگیرکراون.
هێزە ئەمنییەکان ئەفسەرەکە و هاوسەرەکەیان ڕەوانەی ناوەندی ڕاگرتن کردووە بۆ تەواوکردنی ڕێوشوێنە یاساییەکان بەرامبەریان.



