رۆژهه‌لاتی ناوه‌راستهەواڵ

بە وشەیەک لویس ساكۆ عێراق دەهەژێنێت

شەوی ڕابردوو سەرۆكی كەنیسەی كلدانی لە عێراق و جیهان لە بەغداوە داوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی (ئەلتەتبیع)ـی لە عێراق کرد بەهۆی ئەوەی عێراق وڵاتی ئیبراهیم و پێغەمبەرانە، ئەم وشەیەش بەهۆی ئەوەی زۆربەی کات بە مانای دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل بەکاردەهێنرێت، لە ئاستی عێراق کاردانەوەی لێکەوتەوە. 

 كاردیناڵ لویس ساكۆ، پاتریاك و سەرۆكی كەنیسەی كلدانی لە عێراق و جیهان شەوی ڕابردوو لە کەنیسەیەکی شاری بەغدا بەشداری جەژنی ڕۆژی لەدایکبوونی پێغەمبەر مەسیح (سڵاوی خوای لەسەر بێت) کرد،  محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش تێیدا ئامادەبوو، وتی: “جەنابی سەرۆکوەزیران ئێستا قسە لەبارەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی (ئەلتەتبیع) دەکرێت، ئومێدەوارم حکومەتی داهاتووی عێراق گرنگی بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەناوخۆی عێراق و لەگەڵ عێراق بدات، چونکە عێراق وڵاتی ئیبراهیم و پێغەمبەرانە و پێویستە هەموو جیهان بێتە عێراق نەک ناوچەیەکی دیکە”.

سوودانی لە کەنیسەکەدا دوای لویس ساکۆ  قسەی کرد و ڕایگەیاند: وشەی ئاساییکردنەوە (ئەلتەتبیع) زیاتر بۆ پەیوەندی دروستکردن لەگەڵ ئیسرائیل بەکاردەهێنرێت “کە وڵاتێکی داگیرکەرە و ئاساییکردنەوە لەگەڵیدا لە قامووسی عێراقدا بوونی نییە”، بەڵام ئەوەی عێراق پێویستییەتی بریتییە لە برایەتی، خۆشەویستی و پێکەوەژیان. پابەندبوونی شەرعی، یاسایی و دەستووریش ئەم پەیوەندییەی (لەگەڵ ئیسرائیل) ڕێکخستووە.

 دوای فراوانبوونی کاردانەوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر ئەم بابەتە، کەنیسەی کلدانی لە عێراق ناچاربوو ڕوونکردنەوە لەبارەی قسەکانی لویس ساكۆ بدات و لە ڕاگەیێنراوێکدا دەڵێت، لویس ساکۆ مەبەستی ئەوەبووە کە دەبێت هەمووان لەگەڵ عێراق پەیوەندییان ئاسایی بکەنەوە، نەک وڵاتێکی دیکە، ئەم ئاراستەیەی وڵاتانیش بەرەو عێراق کەرتی گەشتیاریی وڵاتەکە دەبووژێنێتەوە.

 موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتیمانی شیعە پەیامێکی لەسەر قسەکانی كاردیناڵ لویس ساكۆ بڵاوکردەوە و ئەوەی خستووەتەڕوو، یاسای عێراقی سزای بۆ هەر کەسێک داناوە باسی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل بکات یان داوای بکات، ئەو کەسەش هەر کەسێک بێت لەسزادان پارێزراو نابێت و داوا دەکەن لایەنە فەرمییەکان دەستبەجێ بە ئەرکی خۆیان هەڵسن.

سەدر دەشڵێت: لە عێراق هیچ شوێنێک نییە بۆ ئاساییکردنەوە و شەرعییەتدان بە ڕەوایەتی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل.

 یاسای ژمارە 1ـی ساڵی 2022 لە عێراق، تەنانەت سزای بۆ ئەو کەسە داناوە کە داوای پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل دەکات.

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button