مەسرور بارزانی پێشوازی لە نوێنەری هەمیشەیی عێراق لە ڕێکخراوی یونێسکۆ دەکات

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەسعەد تورکی سواری، نوێنەری هەمیشەیی عێراق لە ڕێکخراوی یونێسکۆ کۆبووەوە؛ لە دیدارەکەدا جەخت لە گرنگیی نوێنەرایەتیکردنی پێکهاتەکان و بەشداربوونی کارای هەرێمی کوردستان لە ناوەندە کلتوورییە جیهانییەکان کرایەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 1/11 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی ئەسعەد تورکی سواری نوێنەری هەمیشەیی عێراق لە ڕێکخراوی یونێسکۆ کرد.
ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هەوڵ و کار و چالاکییەکانی نوێنەری عێراق دەربڕی و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا بۆ خواست. سەرۆکوەزیران هەروەها جەختی لە گرنگیی بوونی هەرێمی کوردستان بە ئەندامێکی بەشدار لە ڕێکخراوی یونێسکۆ کردەوە.
یونێسکۆ ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە و ئەرکی پاراستنی کەلەپووری جیهانی و پەرەپێدانی کلتوور و پەروەردەیە. نوێنەرایەتیی عێراق لەم ڕێکخراوەدا ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە تۆمارکردنی شوێنەوارەکانی کوردستان لە لیستی شوێنەوارە جیهانییەکاندا.



