رۆژهه‌لاتی ناوه‌راستکوردستانهەواڵ

لە سوریا هەشت خاڵی لە بەرژەوەندی کورد دەرچوو

ئەحمەد شەرع، مەرسوومی ژمارە 13ـی ساڵی 2026ـی دەرکرد کە تێیدا جەخت دەکاتەوە هاووڵاتییانی کوردی سووریا بەشێکی سەرەکی و ڕەسەنی گەلی سووریان و ناسنامەی کولتووری و زمانی ئەوان بەشێکی دانەبڕاوە لە ناسنامەی نیشتمانیی سووریای یەکگرتوو.

بە پشتبەستن بە ئەحکامەکانی ڕاگەیاندنی دەستووری و لەسەر بنەمای پێویستییەکانی بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی و لەبەر ڕۆڵ و بەرپرسیارێتی دەوڵەت لە بەهێزکردنی یەکڕیزی نیشتمانی و چەسپاندنی مافە کولتووری و شارستانییەکانی هەموو هاووڵاتییانی سووریا، ئەم بڕیارانە دەرکرا.

ماددەی 1: هاووڵاتییانی کوردی سووریا بەشێکی سەرەکی و ڕەسەنی گەلی سووریان، و ناسنامەی کولتووری و زمانی ئەوان بەشێکی دانەبڕاوە لە ناسنامەی نیشتمانیی سووریای یەکگرتوو.

ماددەی 2: دەوڵەت پابەند دەبێت بە پاراستنی فرەچەشنیی کولتووری و زمانی و مافی هاووڵاتییانی کورد مسۆگەر دەکات لە زیندووکردنەوەی کەلەپوور و هونەرەکانیان و پەرەپێدانی زمانی دایکیان لە چوارچێوەی سەروەریی نیشتمانیدا.

ماددەی 3: زمانی کوردی وەک زمانێکی نیشتمانی دادەنرێت و ڕێگە دەدرێت بە وانەگوتنەوەی لە قوتابخانە حکوومی و تایبەتەکاندا لەو ناوچانەی کە کورد ڕێژەیەکی بەرچاو لە دانیشتووانەکەی پێکدەهێنن، وەک بەشێک لە پڕۆگرامە بژاردەکان یان وەک چالاکییەکی کولتووری و پەروەردەیی.

ماددەی 4: کارکردن بە هەموو ئەو یاسا و ڕێکارە نائاساییانەی کە دەرەنجامی سەرژمێری ساڵی 1962 بوون لە پارێزگای حەسەکە هەڵدەوەشێتەوە و ڕەگەزنامەی سووری دەدرێتە هەموو ئەو هاووڵاتییە کوردانەی کە لەسەر خاک و وڵاتی سووریا نیشتەجێن، بە “مەکتومولقەید”ەکانیشەوە (ئەوانەی ناویان لە تۆمارەکاندا نییە)، لەگەڵ یەکسانکردنی تەواویان لە ماف و ئەرکەکاندا.

ماددەی 5: جەژنی “نەورۆز” وەک پشوویەکی فەرمیی  (بە مووچەوە) لە سەرتاسەری  سووریا دیاری دەکرێت، وەک جەژنێکی نیشتمانی کە گوزارشت لە بەهار و برایەتی دەکات.


ماددەی 6: دامەزراوە ڕاگەیاندن و پەروەردەییەکانی دەوڵەت پابەند دەبن بە گرتنەبەری گوتارێکی نیشتمانیی گشتگیر و هەر جۆرە جیاکاری یان پەراوێزخستنێک لەسەر بنەمای ڕەگەزی یان زمانی بە یاسا قەدەغە دەکرێت، هەر کەسێک هانی فیتنەی نەتەوەیی بدات بەپێی یاسا کارپێکراوەکان سزا دەدرێت.

ماددەی 7: وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرپرسن لە دەرکردنی ڕێنماییە جێبەجێکارییە پێویستەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەحکامەکانی ئەم مەرسوومە، هەر لایەنەو بەپێی تایبەتمەندی خۆی.

ماددەی 8: ئەم مەرسوومە لە ڕۆژنامەی فەرمیدا بڵاودەکرێتەوە و لە ڕێککەوتی دەرچوونییەوە کاری پێدەکرێت.

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button