منداڵێکی کورد شەهید بوو

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بەهۆی تۆپبارانی بەردەوامی گروپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق بۆ سەر گوندی قاسمەی ڕۆژئاوای کۆبانێ، منداڵێک شەهید بووە و سێ کەسی دیکەش بە سەختی بریندار بوون.
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە تەنیا چەند کاتژمێرێک بەسەر ڕێککەوتنی درێژکردنەوەی ئاگربەستدا تێپەڕ بووە، بەڵام گروپەکانی دیمەشق بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ئاشکرا ڕێککەوتنەکەیان پێشێل کردووە.
هەسەدە ئاماژەی بەوە کردووە، لە کاتژمێرەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆوە، ئەو گروپانە هێرشێکی بەرفراوانیان کردووەتە سەر گوندەکانی زرک و قاسمەی ڕۆژئاوای کۆبانێ، هاوکات گوندی جەلەبییەی باشووری ڕۆژهەڵاتی شارەکەشیان کردووەتە ئامانج.
ئەم پەرەسەندنە سەربازییە نوێیە وەک هەڕەشەیەکی جدی بۆ سەر گیانی مەدەنییەکان و تێکدانی هەوڵە دیپلۆماسییەکان وەسف کراوە، چونکە هێرشەکان ڕێک دوای ماوەیەکی زۆر کەم لە ڕاگەیاندنی درێژکردنەوەی ماوەی ئاگربەست دەستیان پێکردووەتەوە.
دۆخی شاری کۆبانێ و دەوروبەری لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی گەمارۆ و پێکدادانەکانەوە زۆر هەستیار بووە، درێژکردنەوەی ئاگربەست کە بڕیار بوو بۆ ماوەی 15 ڕۆژ بێت، وەک دەرفەتێک بۆ پاراستنی گیانی مەدەنییەکان و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان دەبینرا، بەڵام بەردەوامبوونی تۆپبارانەکان و بە ئامانجگرتنی گوندە ئاوەدانەکان نیشانەی ئەوەیە کە گروپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق پابەندی بەڵێنەکان نین، ئەمەش مەترسییەکی گەورە لەسەر ناوچە کوردنشینەکان دروست دەکات و پڕۆسەی سەقامگیری لە باکووری سووریا ڕووبەڕووی ئاستەنگی جدی دەکاتەوە.






