ئەمەریکا چاوەڕی چی لە ئێران دەکات؟

پێش بەڕێوەچوونی خولێکی دیکەی دانوستانی چارەنووسساز لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا، سەرچاوە ئەمریکییەکان دەڵێن: “پێشبینی دەکەین ئەمڕۆ ئێران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی، لە دانوستانەکانی جنێڤدا نەرمی بنوێنێت.”
بڵاوکراوەی ڕۆژنامەوانی: ماڵپەڕی هەواڵی ئاکسیۆس لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکییەوە ئاشکرای دەکات، واشنتن لەو بڕوایەدایە و چاوەڕێ دەکات کە ئێران لەبارەی پرسە ئەتۆمییەکەی چەند سازشێک بکات.
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە گەڕێکی دیکەی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لە نێوان ئەمریکا و ئێران لە جنێڤ بەڕێوە بچێت؛ شاندی ئەمریکا لە ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر پێکهاتووە و لە بەرامبەردا عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، سەرۆکایەتیی شاندی وڵاتەکەی دەکات.
لەژێر ڕۆشنایی دەستپێکردنی خولێکی نوێی دانوستان لە نێوان هەردوولادا، سوپای ئەمریکا لە ناردنی هێزی ئاسمانی و دەریایی زیاتر بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامە، کە ئامانج لێی دروستکردنی گوشارە بۆ سەر تاران.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند، کە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەشداری لە دانوستانەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێراندا دەکات.



