ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ یەکلاکردنەوە پەنا بۆ دادگای فیدراڵی دەبات

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆککۆمار، پەنا بۆ دادگای فیدراڵی دەبات و داوادەکات، دادگاکە بۆچوونى لەبارەى ماددەى 72ـى دەستوور دەرببڕێت کە دەڵێت، “سەرۆککۆمار لە ئەرکی خۆیدا بەردەوام دەبێت تاوەکو کاتی کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنەکانی دەستەى سەرۆکایەتى ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجامدانی یەکەم کۆبوونەوە، دواتر سەرۆککۆماری نوێ لەماوەی 30 ڕۆژدا هەڵدەبژێردرێت”.
هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە نووسراوێکدا کە ئاڕاستەی سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی کردووە و داوادەکات، ناوەڕۆکی ماددەی 72ـی دەستوور ڕوونبکەنەوە، چونکە هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار لەوادەى یاسایی خۆیدا ئەنجامنەدراوە.
سەرۆکى ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەشڵێت، ئەنجوومەنەکە بەردەوامە لە کۆبوونەوەکانى بەبێ بوونى بڕگەى هەلبژاردنى سەرۆککۆمار لە کارنامەکانیدا، چونکە ڕێژەى یاسایی بۆ هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار ئامادەنابێت، کە بە دوو لەسەر سێى ئەندامانى ئەنجوومەنەکە دیاریکراوە.
لە نووسراوەکەدا ئەوەش هاتووە، ئەو هەنگاوەی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ پاراستنی گونجاوی و ڕێکوپێکی کاری ئەنجوومەنی نوێنەران و نەبوونى بۆشایی دەستووری یاخود پێشلێکاریی دەستوورە، کە ببێتەهۆی کەمکردنەوە و نەمانی شەرعییەتی حکومەتی داهاتوو.
هەیبەت حەلبووسی لە نووسراوەکەدا دەڵێت، ئەم هەنگاوە وەک پەرۆشییەکە بۆ جێبەجێکردنی دەستوور و باوەڕی ئەنجوومەنەکە بە دادگای فیدراڵی و ئەرکە دەستوورییەکانی بەگوێرەی یاسا، سەرەڕای ڕژدی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنى نوێنەران، بۆ ئەوەی ئەو دانیشتنە بەبێ دواکەوتن ئەنجامبدرێت.
ئەوە لەکاتێکدایە ڕۆژی 29ـی کانوونی دووەمی 2026، دیاریکرا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق، بەڵام بەهۆی نەبوونی ڕێژەی یاساییەوە دانیشتنەکە ئەنجامنەدرا، جگە لەوەی لەنێوان پارتی و یەکێتیدا هێشتا ڕێککەوتن لەسەر بەربژێرێکی دیاریکراو بۆ ئەو پۆستە نەکراوە.



